له‌ كۆتايى 2019دا (ئێس-400) ده‌گاته‌ توركيا

ئه‌ردۆغان رايگه‌ياندبوو، سه‌ره‌ڕاى فشار و هه‌رجۆره‌ سزايه‌كى ئه‌مريكا، به‌ڵام توركيا سووره‌ له‌سه‌ر كڕينى سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى رووسى

K24 – هه‌ولێر:

ڤلاديمێر كوجين، ياريده‌ده‌رى سه‌رۆكى رووسيا بۆ كاروبارى ته‌كنۆلۆژياى سه‌ربازى، رايگه‌ياند، له‌ كۆتايى (2019)دا، مۆسكۆ، سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى (ئێس-400) راده‌ستى ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات.

له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى (ئينته‌رفاكس)ـى رووسى، كوجين گوتى: "پێتان خۆشه‌ بزانن كه‌ى (ئێس-400) راده‌ستى توركيا ده‌كه‌ين، به‌ دڵنياييه‌وه‌ له‌ كۆتايى (2019)دا ده‌بێت".

پێشتر سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياندبوو، سه‌ره‌ڕاى فشار و هه‌رجۆره‌ سزايه‌كى ئه‌مريكا، به‌ڵام توركيا سووره‌ له‌سه‌ر كڕينى سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى رووسى.

وه‌زيرى به‌رگرى ئه‌مريكا، جيمس ماتيس، رايگه‌ياند، ئاماده‌ين جێگره‌وه‌ى سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى (ئێس-400) بۆ توركيا دابين بكه‌ين.

ماتيس گوتيشى: "ئامۆژگارى توركيا ناكه‌م بۆ كڕينى سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى (ئێس-400)ـى رووسى".

له‌ ميانى ئاماده‌بوونى له‌ دانيشتنى ليژنه‌ى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مريكا، ماتيس گوتيشى: "توركيا ده‌يه‌وێت سيستمێكى به‌رگرى نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ سيستمى به‌رگرى ناوچه‌كه‌ بهێنێت".

هه‌روه‌ها گوتى: "باشترين رێگه‌ بۆ دابينكردنى پێداويستييه‌كان، رێگه‌ى په‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى(ناتۆ)ـيه‌".

روونيشيكرده‌وه‌، "ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ توركيا وتوێژ ده‌كات و ئاماده‌يه‌ سيستمێكى ديكه‌ى به‌رگرى مووشه‌كى بداتێ، كه‌ گونجاو و هاوڕێكه‌ له‌گه‌ڵ پێوه‌ر و سيستمه‌كانى په‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى".

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا و له‌ ميانه‌ى سه‌ردانى سه‌رۆكى رووسيا، ڤلاديمێر پوتن بۆ ئه‌نقه‌ره‌، رووسيا و توركيا جه‌ختيان له‌سه‌ر سه‌رخستنى گرێبه‌ستى كڕينى سيستمى به‌رگرى (ئێس-400) كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها هه‌ريه‌ك له‌ سه‌رۆكى رووسيا، ڤلاديمێر پوتن و سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان تاوتوێى هه‌ماهه‌نگييان له‌ بوارى مووشه‌كى دژه‌ فڕۆكه‌ و بابه‌ته‌كانى په‌يوه‌ست به‌ خزمه‌تگوزارييه‌ هاوپێچه‌كانى سيستمى (ئێس-400) كرد.

نوێنه‌رانى رووسيا و توركيا، له‌ مانگى (كانوونى يه‌كه‌م/ ديسێمبه‌رى 2017)، گرێبه‌ستى كڕينى سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى رووسيا (ئێس-400)يان واژوو كرد.

ئه‌نقه‌ره‌ رايگه‌ياندووه‌، رووسيا دوو پاترى ئه‌و سيستمه‌ى بۆ توركيا ته‌رخانكردووه‌، كه‌ كاديرانى توركى ده‌توانن به‌كاريان بهێنن.

سه‌رچاوه‌: رووسياليه‌وم

ئ.ر