خامنه‌یی داوا له‌ وڵاته‌ موسڵمانه‌كان ده‌كات دژی ئه‌مریكا یه‌كبگرن

خامنه‌یی: ئێران سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌رگریی له‌ هه‌وڵه‌كانی تۆقاندن له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران داوا له‌ وڵاتانی موسڵمان ده‌كات یه‌كڕیز بن و دژی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا یه‌كبگرن.

خامه‌نیی ده‌ڵێت: "له‌سه‌ر وڵاتانی موسڵمان پێویسته‌ یه‌كڕیز بن و له‌ رووی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بوه‌ستنه‌وه‌ كه‌ ئامانجی ترساندن و تۆقاندنه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئێران سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌رگریی له‌ هه‌وڵه‌كانی تۆقاندن له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ كردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانی موسڵمانیش پێویسته‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا و دوژمنانی دیكه‌ یه‌كبگرن".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26/4/2018 له‌ گوتارێكدا بۆ به‌شداربووانی كۆڕێكی پێشبڕكیی قورئانخوێنان له‌ تاران گوتوویه‌تی: "سه‌رۆكی ئه‌مریكا زۆر ناشیرینانه‌ و به‌ راشكاوی به‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌بین هه‌فته‌یه‌ك ناتوانن له‌ فه‌رمانڕه‌وایی به‌رده‌وامبن، ئه‌وه‌ش لوتكه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌ و سیستمه‌ گێله‌كانی هه‌ندێك وڵاتیش خه‌ڵكی ده‌كوژن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ یه‌مه‌ن و پاكستان روویداوه‌".

به‌گووته‌ی خامنه‌یی، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سووریا، داوای له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی كردووه‌ پاره‌ بده‌ن تا هێزه‌كان بمێننه‌وه‌.