پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەكرێت
ماوەی دوو رۆژ بۆ وەرگرتنی پارەكە دیاركراوە
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی ھەولێر ئاگاداری جووتیارانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەكاتەوە، كە ئەو جووتیارانەی لە ساڵی 2017 گەنمیان رادەستی سایلۆی ھەولێر و بنكەی شەمامك كردووە، ئەمڕۆ سەردانی سایلۆی ھەولێر بكەن، بە مەبەستی وەرگرتنی شایستە داراییەكانیان.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی ھەولێر ئاشكرای كرد: "پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر بۆ ساڵی 2017 هاتووە و لە ئەمڕۆ دووشەممەوە بەسەر جووتیاراندا دابەشدەكرێت، بڕی پارەكەش 11 ملیار و 601 ملیۆن دینارە و لە بانكی قەڵا لە هەولێر پارەكە دابەش دەكرێت و ماوەی دابەشكردنی پارەكەش دوو رۆژ دەخایەنێت".
ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان دراوە بە حكوومەتی عێراق، بەڵام بەغدا تائێستا پارەی جووتیارانی نەدابوو.
ھ.م