بەریتانیا: ئیسرائیل مافی داخستنی نوێنەرایەتییەکەمانی نییە
حکوومەتی بەریتانیا رەتیکردەوە ئیسرائیل مافی یاسایی بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکەی لە ئورشەلیم هەبێت، هاوکات جەخت لە پاراستنی بوونی مێژوویی خۆی و بەردەوامبوون لە خزمەتکردنی گەلی فەلەستین دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل بڕیاردرا باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا دانەخرێت و لەمڕۆوە بە ناوی نوێنەرایەتیی بەریتانیا لە ئورشەلیم کارەکانی بەڕێوەدەبات.
وەزارەتەکە ئەوەی خستووەتەروو، دان بەوەدا نانێن حکوومەتی ئیسرائیل مافی یاسایی بۆ داخستنی کۆنسوڵخانەکەیان هەبێت و هەڵوێستی چەسپاویان ئەوەیە قودسی رۆژهەڵات ناوچەیەکی داگیرکراوە.
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، نوێنەرایەتییەکەیان لە ئورشەلیم وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و پەیوەندیکردن بە گەلی فەڵەستینەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە، ئەم هەنگاوە دڵنیایی دەداتە پاراستنی بوونی مێژوویی بەریتانیا و بەردەوامبوونی رۆڵی وڵاتەکە لە پشتیوانیکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت.
حکوومەتی بەریتانیا بە شێوەیەکی کاتی ژمارەیەک لە کارمەندان و خێزانەکانیانی کشاندووەتەوە بۆ پێدانی دڵنیایی لە سەلامەتی و ئاسایشیان، بەڵام لە چەند مانگی داهاتوودا کار دەکات بۆ بەهێزکردنەوەی بوونی خۆی و هیچ وەڵامێکی هاوشێوەی ئیسرائیلیش لە لەندەن ناداتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئێد میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بە توندی پێداگری لەسەر ئەو رێوشوێنانە دەکەنەوە لە 8ـی ئەیلولدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتبوویانەبەر، ئەوەش بۆ پشتیوانیکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت و دابینکردنی ئاشتی و ئاسایش بۆ خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین.
مێژووی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە ئورشەلیم بۆ نزیکەی 200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، واتە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948. ئەم باڵەخانەیە پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ فەلەستینییەکانی نێو قودس و کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا رێکدەخات.
گرژییەکانی نێوان لەندەن و تەلئەڤیڤ دوای ئەوە دروستبوون، لە 8ـی ئەیلولی 2026ـدا بەریتانیا سزای بەسەر کاڵای ئەو نیشتەجێبوونانەدا سەپاند کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە کەناری رۆژئاوا دروستکراون. وەک کاردانەوەیەکیش گیدیۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بڕیاری دا کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە قودسی رۆژهەڵات دابخرێت و مۆڵەتی 30 رۆژی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دیاریکرد.
رۆژی پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەکە، کرێکاران تابلۆی "کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا"ـیان لەسەر باڵەخانەکە لێکردەوە، بەڵام حکوومەتی بەریتانیا رەتیکردەوە تەواوی کارەکانی رابگرێت و ناوی دامەزراوەکەی بۆ "نوێنەرایەتیی بەریتانیا لە ئورشەلیم" گۆڕی. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم رووداوە خراپترین ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیسرائیل و بەریتانیایە لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا.