شاندێكی ئێران لە ھەولێرە

چەند شاندێكی دیكەش دەگەن

K24 - ھەولێر

شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەولێرەو بڕیارە چەند شاندێكی دیكەی ئەو وڵاتە بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی بەھێزكردنی ئابووری نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران بگەنە ھەولێر.

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێكی ئێران لە ھەولێرن و بڕیاریشە ئەمڕۆ و سبەی چەند شاندێكی دیكە بگەنە ھەولێر، كە مەبەست لە ھاتنیان بۆ ھەولێر بەشداریكردنی كۆنفرانسی بەھێزكردنی ئابووری نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێرانە، كە ژوورە بازرگابییەكانی ھەردوولا رێكیان خستووە، ئەمەش بە مەستی پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێرانە".

گوتیشی: "لە نێو ئەو شاندانەی دیكەی ئێران كە سەردانی ھەولێر دەكەن، وەزیری بازرگانی ئێران و جێگری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری ئابووری ئێران و پارێزگاری تاران و ئازەربایجانی رۆژئاواو و نوێنەری پارێزگاكانی كرماشان و تەورێز و چەندین بەرپرسی دیكەی ئێران ھەن، كە لە ھەولێر بەشداری لە كۆنفرانسەكە دەكەن. ھەروەھا لەلایەن ھەرێمی كوردستانەوە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم و جێگرەكەی و ژمارەیەك وەزیر و پارێزگارانی سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆك و بەشێك لە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان ئامادەی كۆنفرانسەكە دەبن".

نەوزاد ھادی، روونیكردەوە: "ئامانج لە كۆنفرانسەكە ئەوەیە كە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێران زیاتر پتەو بكرێن و بچێتە قۆناخێكی دیكە، ھەروەھا دەبێ ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان خۆمان بۆ قوناخی داھاتووی عێراق دوای ھەڵبژاردن ئامادە بكەین".

ھ.م