سێنتکۆم: کەشتییەکی بازرگانیمان لە کەنداوی عومان پەکخست

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان کەشتییەکی بازرگانییان لە کەنداوی عومان پەکخست، دوای ئەوەی هەوڵیدابوو گەمارۆی دەریاییی سەر ئێران بشکێنێت و گوێی بە هۆشدارییە بەردەوامەکانی سوپای ئەمریکا نەدابوو.

سێنتکۆم لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس روونیکردەوە، کەشتیی بازرگانیی (M/V Huda) کە ئاڵای سانت کیتس و نێڤیسی هەڵگرتبوو، دوای سەردانیکردنی بەندەرێکی ئێران هەوڵیدابوو ئاوە هەرێمییەکانی ناوچەکە جێبهێڵێت. سەرەڕای هۆشدارییە توند و دووبارەبووەوەکانیش، تاقمە مەدەنییەکەی کەشتییەکە سوور بوون لەسەر هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆ دەریاییەکە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکی دوای ئاگادارکردنەوەی تاقمەکە بۆ چۆڵکردنی ناوچەی بەئامانجگیراو، بە چەکی زیرەک و ورد بەشی دواوەی کەشتییەکەی پێکا و لەکاری خست، بەبێ ئەوەی روون بکرێتەوە ئایا رووداوەکە برینداری لێکەوتووەتەوە یاخود کەشتییەکە لە شوێنی خۆی ماوەتەوە.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە ناوچەکە رووبەڕووی پەرەسەندنی مەترسییەکان و زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز و کەنداوی عومان بووەتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، لە 6ـی تشرینی دووەم نەوتهەڵگرێک لە نزیک کەناراوەکانی خەسەب لە عومان دووچاری تەقینەوە بوو، هەروەها لە 5ـی تشرینی دووەمیش نەوتهەڵگرێکی دیکە لە باکووری قەتەر بە دوو مووشەکی نەناسراو کرایە ئامانج.

پێش ئەوەش لە 3ـی تشرینی دووەمدا دوو هێرشی دیکە تۆمار کران، کە یەکەمیان پێکرانی ژووری بزوێنەری نەوتهەڵگرێک بوو لە نزیک لیمای عومان، دووەمیشیان پەلاماردانی کەشتییەکی نەریتیی هیندی بوو لە گەرووی هورمز کە دواتر لەلایەن هێزی دەریایی عومانەوە رزگارکران.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی (IMO)، تا 6ـی تشرینی دووەم 129 رووداوی پشتڕاستکراو لە گەرووی هورمز و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تۆمارکراون، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی مەترسییەکانە لەسەر جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی و سەلامەتیی دەریاوانان لە ناوچەکەدا.