به‌ڤیدیۆ.. له‌به‌غدا ده‌ستڕێژی گوللـه‌ كرایه‌ سه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی فه‌تح

جاسم ساعدی راوێژكاری هادی عامری له‌هێرشێكی چه‌كداریدا رزگاریبوو

K24- هه‌ولێر:

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ كه‌ناڵی رووسیا توده‌ی راگه‌یاند، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ شاری به‌غدا ده‌ستڕێژی گوللـه‌یان كرده‌ سه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی "هاوپه‌یمانی فه‌تح"ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌لایه‌ن هادی عامرییه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ دووپاتیكرده‌وه‌، كاتێك جاسم ساعدی، سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی باڵای بزووتنه‌وه‌ی ئه‌نساوڵڵا و هاوكات راوێژكاری هادی عامری، ئه‌مینداری رێكخراوی به‌در له‌ ناوچه‌ی حه‌بیبییه‌ی رۆژهه‌ڵاتی به‌غدا، به‌ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی له‌ڕێگه‌دا بوو، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ روبه‌ڕوی هێرشێك بووه‌وه‌، به‌ڵام له‌ هێرشه‌كه‌ رزگاریبوو و ته‌نیا زیانی ماددی به‌ ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی گه‌یشت.

دوای راگه‌یاندنی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵباژردن له‌ عێراق، چه‌ندین هێرش و ده‌ستڕێژی گوللـه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر فه‌رمانده‌ و كاندیدانی لایه‌نه‌كان، له‌ دوایین هێرشیشدا به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك قاسم زوبه‌یدی، به‌رپرسێكی‌ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ كوژرا.

H.B