وەزیری بازرگانی ئێران: ھەرێمی كوردستان بۆ ئێمە گرنگە
"ئامانجمان پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان"
K24 - ھەولێر
محەمەد شەریعەتمەداری، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران، لە كاتی گەیشتنی لە ھەولێر، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق و بەتایبەتی ھەرێمی كوردستان كردەوە و رایگەیاند، وەك دراوسیێیەكی دێرین و گرنگی ئێران، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بۆ ئێران گرنگە.
محەمەد شەریعەتمەداری، گوتی: "یەكێك لە گرنگترین سیاسەتەكانی ئێران لە بواری چالاكییەكانی دەرەوەیدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتی درواسێمان عێراق و بەتایبەتی ھەرێمی كوردستان، وەك دراوسێیەكی دێرین ئێران و نزیكی فەرھەنگی و مێژوویی لەگەڵ، ھەروەھا ھاوكاری لەبواری ئاوەدانكردنەوەیە لەگەڵ عێراق و ھەرێمی كوردستان، وەك چۆن لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمیش ھاوكاریان بووین، لە بواری ئاوەدانكردنەوەشدا بە بەشداری لەم كۆنفرانسە ئامانجمان دۆزینەوەی بوارەكانی ھاوكاری و پەرەپێدانی وەبەرھێنانی ھاوبەش لەگەڵ ھەرێمی كوردستانە. لەلایەكی دیكەشەوە ھاوكارییەكانمان بەتایبەتی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لە بواری ئاوەدانكردنەوە و بازرگانی و بوارەكانی دیكەدا پەرەپێدەدەین".
ھ.م