له‌ خولی نایابی كوردستان پێنجشه‌ممه‌ رۆژێكی ئاگرین و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت

پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌هێزترین ركابه‌ری به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت

پێنجشه‌ممه‌ گه‌ڕی پازده‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌م گه‌ڕه‌دا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌هێزترین ركابه‌ری به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، به‌و پێیه‌ی چاره‌نووسی به‌شێك له‌ یانه‌كان له‌ خوله‌كه‌ یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌ و 3 یاریش له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چن، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میوانداری برایه‌تی ده‌كات، زێره‌ڤانیش ده‌بێته‌ میوانی ئارارات، یانه‌ی هه‌ولێریش میوانداری نه‌ورۆز ده‌كات و شێروانه‌ ده‌بێته‌ میوانی زاخۆ، هه‌ندرێنی پێشه‌نگیش له‌م گه‌ڕه‌ پشوو ده‌بێت.

برایه‌تی ـ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر

برایەتی خاوەن پلەی دووەمی خولەكە بە 22 خاڵ بۆ رووبەروونەوەی پێشمەرگەكانی ھەولێر به‌ره‌و بەرزییەكانی پیرمام سەر دەكەوێت.

 پێكانە یەك لە دوای یەكەكانی یاریزانی برایه‌تی به‌رده‌وامه‌ بۆ ئەم یارییه‌ش لە تواناكانی ھەریەكە لە ھونەر ئەحمەد و دیار یاخی و نیاز محەمەد بێبەش دەبێت.

پێشمەرگەی ھەولێریش كەم وەرزە بە ھۆی ئەنجامە خراپەكانی ھەرەشەی دابەزینی بۆ ریزی یانە پلە یەكەكانی كوردستان لەسەره‌، دەیەوێت بەسەركەوتن خۆی لە پلە كانی دواوه‌ی ریزبەندییەكە دوور بكاتەوە.

ئارارات ـ زێره‌ڤانی

 ھەر لە پیرمام یانەی ئاراراتی خاوەن پلەی سێیەم پێشوازی لە یانەی زێرەڤانی پلەی چوارەم دەكات، ئارارات ھەفتەی رابردوو بەرامبەر بە شێروانە تووشی شكست بوو، بۆیه‌ باش دەزانێت دۆرانی لەم یارییە واتا دووركەوتنە لە ركابەریكردن لەسەر نازناوەكە، بۆیە یاریزانانی ئارارات دەیانه‌وێت لە یاریگای خۆیان بە كەمتر لە 3 خاڵ رازی نەبن.

  ھەرچی یانەی زێرەڤانیشە بە ئومێدی تۆڵەكردوە لە ئەنجامی یاری چوون گەشتی پیرمامی كردووە و دەیەوێت بە پشتبەستن بە ھێرشبەرە به‌رازیلییه‌كه‌ی براوەی یارییەكە بێت.

هه‌ولێر ـ نه‌ورۆز

ھەولێریش لە بەردەم ھاندەرانی میوانداری یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی دەكات،

ھەولێر بە تەواوی یاریزانەكانی بۆ ئەم یارییە ئامادەییە و چاوی لەوەیە بە بردنەوە لە نەورۆز و سوود وەرگرتن لە ئەنجامی یارییەكانی برایەتی ئارارات و زێرەڤانی جارێكیتر ھیوای بۆ بەدەستھێنانی نازناوەكەی زیندوو بێتەوە،  نەورۆزیش كە ھەفتەی رابردوو یەكەمین سەركەوتنی لە خولەكە بە دەستھێناو دەیەوێت بە بردنەوە لە ھەولێر بەردەوامی بە سەركەوتنەكانی بداو خۆی لە ناوچەی دابەزین رزگار بكات.

زاخۆ ـ شێروانه‌

 لە یاری چوارەمیشدا یانەی زاخۆ رووبەرووی یانەی شێروانەی نوێنەری گه‌رمیانییه‌كان دەبێتەوە،  زاخۆ لەم وەرزە جیاوازتر لە دوو وەرزی رابردوو ئەنجامەكانی خراپن و یانەكە خەریكە دەچێتە ریزی ئەم یانانەی كە كێبركێ دەكەن بۆ دانەبەزین بۆ ریزی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، زاخۆ دەیەوێت بەسوودوەرگرتن لە یاریگا و ھاندەرانی 3 خاڵی یارییه‌كه‌ مسۆگه‌ر بكات.

شێروانەش كە ھەفتەی رابردوو دوومین سەركەوتنی لە خولەكە بەرامبەر بە ئارارات بە دەستھێناوه‌، دەیەوێت زاخۆش بكاتە سێیەم سەركەوتن لە خولەكە و ھەنگاوێكیش خۆی لە پلەكانی دواوە دووربكاتەوە كە ئێستا یانە كەلارییەكە بە 12 خاڵ لە پلەی حەوتم دێت.