پێشێلكاری لایه‌نه‌كان لە بانگەشەی ھەڵبژاردن ئاشكرا دەكرێت

زیاتر لە 200 تۆماركراون

K24 - سلێمانی

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێشێلكارییه‌كانی 15 رۆژی لایه‌نه‌كان له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی ھەڵبژاردن بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ئاشكرای ده‌كات، 230 پێشێلكاری تۆماركراون. لە لایەنە سیاسییەكان یەكێتی و لە میدیاكان ئێن ئارتی زۆرترین پێشێلكاریان ئەنجامداوە.

بەشێکی دیکەی چاودێری فیدراسیۆنەکە چاودێرێکردنی دەزگا میدیایەکان بووە، لە ماوەی 15 رۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكان، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە رۆژێکدا، کە تێدایە دەزگای میدیای کوردستان24 کەمترین پێشێلکاری کردووە.

شۆخان حەمە رەشید، رێکخەری فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای تەواوبوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن بە فەرمی پێشێلكارییەكان لە راپۆرتێكدا ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانن ئیشی لەسەر بكەن، چونكە ئیشی ئێمە تەنھا چاودێری كردنە".

ھەر دەربارەی پێشێلكاری لایەنەكان لە بانگەشەی ھەڵبژاردن، سۆلین دلێر، ئەندامی پەیمانگای کوردی بۆ ھەڵبژاردن دەڵێت: "چاودێرییەكانمان لە رۆژانی داھاتووی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەردەوام دەبێت".

پێشێلکاری لایەنە سیاسییەکان لەتەواوی ناوچەکانی ھەرێمی كوردستان تەنھا لە 15 رۆژی رابردوو 230 پێشێلکاری بووە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەریزبەندی یەکەمدایە و لەناو دەزگا میدیایەکانیش کەناڵی ئێن ئارتی لەریزبەندی یەكە و كەی ئێن ئێن لە ریزبەندی دووەمدان.

بەوتەی ئەندامانی فیدراسیۆنەکە ئامانجیانە لەم چاودێریکردنە بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارامە، لەوکاتە کەمەی کە ماوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان.

عیماد حەمید، ئەندامی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی روونی دەكاتەوە: "بەشێك لە پێشلێكاری لایەنەكان بریتیە لە ھەڵواسینی پۆستەر و وێنە لەو شوێنەی كە رێگە پێدراو نییە، ھەروەھا ھەندێك لە میدیاكان لە رێگەی میوانەكانیانەوە تووشی پێشێلكاری بوونە".

 ھ.م