مه‌خموور.. پارته‌ سیاسییه‌كان به‌ ئازادی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن

دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌وێش داگیركراوه‌

K24 - هه‌ولێر:

قەزای مەخموور دوای رووداوەكانی 16 ی ئۆكتوبەر و داگیركردنی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، لە ھەرێمی كوردستان جیا كراوەتەوە، دانیشتوانی ئەم قەزایە بە تایبەت بۆ پرسی ھەڵبژاردن نیگەرانی بارودۆخی ئەم قەزایەن ودەڵێن: "ئاڵای كوردستان بە گشتی لەوێ قەدەغەیە و بانگەشەی لایەنە سیاسیەكانیش بە گوێرەی پێویست نیيە و تەنیا حزبێكی دیاریكراو بە ئازادی بانگەشە دەكات".

ئەوان ئاواتەخوازن جارێكی دیكه‌ قەزاكەیان لە رووی ئەمنیەوە بگەڕێتەوە دۆخی جاران و پێشمەرگەش بە ئاڵای كوردستانەوە لە ناو قەزاكەدا ببینن.

هاوشێوەی ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی داگیرکراو، جگە لەوەی بەرزکردنەویە ئاڵای کوردستان قەدەخە و تابۆیە، هەموو پارتە سیاسییە کوردستانییەکان ناتوانن بە ئازادی بانگەشەی هەڵبژاردن لەوێ بکەن.

لەوێ زۆرتر ئاڵای چەند لایەنێکی کوردستانی بەسەر دارتێل و بەرزاییەکانی شارەکە دیارە, گەنجێکی مەخموریش دووپاتی دەکاتەوە کە تەنیا حزبێك  زۆر بە ئازادانە بانگەشەی بۆ خۆی دەکات.

قەزای مەخموور 56 كیلۆمەتر له‌ باشووری رۆژئاوای ھەولێرە و زۆرینەی دانیشتوانی كوردستانین, لە رووی ئیداریشه‌وه‌ سەر بە پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌.

لە ساڵی 2003 و بە پێی مادەی 140 ئیدارەی ئەم قەزایە كەوتە دەست ھەرێمی كوردستان, بەڵام لە دوای 16 ئۆكتۆبه‌ر و لەگەڵ بەشێكی زۆر ناوچەكانی كوردستان, ئەم قەزایەش داگیركرا و خەڵكێكی زۆری ئەم ناوچە ئاوارەبوون.