كورد لە خورماتوو ئومێد لەسەر لیستە عەرەبییەكان ھەڵدەچنێ
ھیچ لیستێكی كوردی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین نییە
K24 - كەركووك
لە خورماتوو، شەش کاندیدی کورد لە شەش لیستی عەرەبی، کێبڕکێی گەیشتن بە پەرلەمان دەکەن، یەکێك لە کاندیدەکان قایمقامی خوورماتووە کە پشکی یەکێتی نشتیمانی کوردستانە، هۆکاری خۆکاندیدکردنی لە لیستێکی عەرەبی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی لیستی کوردی لە پارێزگای سەڵاحەددین، هاووڵاتیانی ئەو قەزایەش کە بەشێکیان ئێستا ئاوارەی کەرکووکن، پێیانوایە چوونی نوێنەرێکی کورد بۆ پەرلەمان، بارودۆخیان باشتر دەکات.
ئومێد حەمەلاو، هاووڵاتییەكی خەڵكی خورماتووە پێی وایە: "ئەگەر كورد دەنگی پێویست نەھێنێ باری لاردەبێت و ئەگەر دەنگیش بێنێ راست دەبێتەوە، بۆیە داواكارم لە خەڵكی ناوچە دابڕێندراوەكان لە ھەڵبژاردنەكان دەنگبدەن، ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە دەنگ بە كاندیدە كوردەكان بدەین، گرنگ نییە لیستی كام حزبە، گرنگ ئەوەیە كورد بێت. بە رای من ئەم ھەڵبژاردنە وەك ریفراندۆم گرنگە".
ھەر لەبارەی ھەڵبژاردنە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، مەلا کەریم، لێپرسراوی مەڵبەندی خوورماتووی یەکێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "سەرەڕای كێشەكانی دیكە، ئێمە وەك كورد كێشەی ماددەی 140مان ھەیە، ئەوەش دەبێ لە بەغدا بە دەستوور یەكلایی بكرێتەوە، بۆ خورماتوو گرنگە نوێنەری بچێتە پەرلەمانی عێراق بەرگری لەمافی خەڵكی ناوچە بكات".
لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ خورماتوو گوتی: "كە ناگەڕێینەوە خورماتوو ھیچ كێشەیەكی یاساییمان نییە، بەڵام ھێزە عێراقییەكان نایانەوێت بگەڕێینەوە ناوشار، چونكە دەزانن بچینەوە ناوشار بە ھێزی مەعنەوی دەچینەوە ناوشار و پێكھاتەی كورد پشتیوانمان دەبێت، بۆیە رێگرن لە گەڕانەوەمان بۆ خورماتوو".
لە ھەڵبژاردنەكانی رابردوو ھیچ نوێنەرێكی خورماتوو نەیتوانی بچێتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن، بۆ خولی داھاتوو رێگەی گەیشتنیان ئاسانترە.
شەلال عەبدول، قایمقامی خوورماتوو، كە خۆی لەسەر لیستی عەرەبی كاندید كردووە بە كوردستان24 گوت: "سەرەرای نەھامەتی و كێشەی خەڵك لە ناوچەكە، بەڵام ئەمجارە ئومێدی زیاتر ھەیە كاندیدە كوردەكان دەنگ بێنن و وەك نوێنەری خورماتوو بچنە پەرلەمان".
روونیدەكاتەوە: "لە پارێزگای سەڵاحەددین لیستی كوردی نییە و بۆیە لەسەر لیستی عەرەبی خۆمان كاندید كردووە، پێشتر ئەو دەنگەی كورد لەو سنوورە ھەبووە نەتوانراوە كورسییەكی پەرلەمانی پێوە بە دەست بھێندرێ، بۆیە بیرمان لەوەكردەوە، كە كاندیدەكانمان بچنە نێو لیستە عەرەبییەكان".
ھ.م