دەمیرتاش لە زیندانەوە موژدەی سەركەوتن دەدات

لە ھەڵبژاردن كاندیدە و بەشداری كەمپینی ھەڵبژاردن ناكات

K24 - ھەولێر

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لەبارەی كاندید بوونی بۆ سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاند، لە زینداندا شتێك بە ناوی دەرفەت بوونی نییە، بەڵام ئەوەی لەدەستی بێت بۆ بە ئەنجامگەیاندنی خەباتی گەل دەیكات، بە یەكگرتووی گەل، سەركەوتنی گەورە لە ھەڵبژاردنەكان بە دەست دێنین.

دوای بە فەرمی ناساندنی وەك كاندیدی ھەدەپە، بۆ سەرۆكایەتی توركیا، سەلاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپە، لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی مۆزۆپۆتامیای نزیك لە پارتەكەی رایگەیاندووە: "لە زیندان ھیچ شتێك بەناوی دەرفەت بوونی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا كۆڵ نادەین و لەگەڵ عەبدوڵڵا زێدان، پەرلەمانتاری زیندانیكراوی ھەدەپە، شەو و رۆژ ھەوڵەكانمان دەخەنە سەریەك بۆ سەرخستنی پرۆسەكە".

دەمیرتاش دەڵێت، ناتوانێت بەشداری لە كەمپەینەكانی بانگەشە بكات، بەڵام لە رێی نامە بەردەوام پەیامەكانی دەگەیەنێتە دەرەوە. ئاماژە بەوەش دەكات، باری نا ئاسایی ئاستەنگێكی زۆری دروستكردووە و ئەگەر لە زیندانیش نەبووایە، ئەو بارە دەبووە ئاستەنگ.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەوەش دەخاتەڕوو: "پێشتر گوتوومە پێویستە ھەدەپە ببێتە بەدیل، ئەوانەی ئەو قسەیەیان بە خەیاڵی لێ وەردەگرتین، ئێستا دەبینن چۆن قسەكەم دەبێتە راستی. ئەگەر گەل یەكگرتووبێت و ھەركەس لە راست خۆیەوە كار بكات، لەو ھەڵبژاردنەدا سەركەوتنی گەورە بەدەست دەھێنین".

ھ.م

دەمیرتاش لە زیندانەوە موژدەی سەركەوتن دەدات
دەمیرتاش لە زیندانەوە موژدەی سەركەوتن دەدات
دەمیرتاش لە زیندانەوە موژدەی سەركەوتن دەدات
دەمیرتاش لە زیندانەوە موژدەی سەركەوتن دەدات