دوایین وادە بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان راگەیەندرا
"لە ھەولێر 80% کارتەکانی دەنگدانی گشتی و 91% کارتی دەنگدانی تایبەتیان دابەشکرووە"
K24 - ھەولێر
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، 80% کارتەکانی دەنگدانی گشتی و 91% کارتی دەنگدانی تایبەتیان دابەشکردووە و ئاشكراشی كرد، ئەگەر ئەمڕۆ و سبەی هاووڵاتیان کارتەکانی دەنگدانیان وەرنەگرنەوە، ئەوا کارتەکان دەگەڕێنەوە بەغدا و ئەو هاووڵاتیانە مافی دەنگدانیان نامێنێت.
عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "تەنھا ئەمڕۆ و سبەی ماوە بۆ دابەشكردنی كارتی دەنگدان، رۆژی 8 ی ئەم مانگە كارتەكان كۆدەكرێنەوە و رۆژی دواتر دەگەڕێندرێنەوە بەغدا، ھیوادارین لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا ئەو ھاووڵاتیانەی ماون بێن كارتەكانیان وەربگرنەوە".
گوتیشی: "لە سنووری ھەولێر 80% مەدەنی و 91% كارتی دەنگدانی تایبەت دابەشكراوە، ئەمەش رێژەیەكی زۆرباشە، بەڵام ھیواخوازین 100% رێژەكە دابەش بكەین، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەكەین ئەمڕۆ و سبەی بێن كارتەكانیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی لە دەنگدان بێبەش نەبن، ئێمە ئامادەین لەو وایەی ماوە بە رۆژ و شەو كارتەكان دابەش بكەینەوە".
ھ.م