به‌ڤیدیۆ.. هێزه‌كانی توركیا به‌چه‌ك رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌رانی شاری ئه‌لبابى سووریا ده‌بنه‌وه
ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای توركیا رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌ته‌وه سه‌ر به گروپی "فیرقه‌ی حه‌مزه"ن
K24- هه‌ولێر:
چالاكوانانی سووری دووپاتیانكرده‌وه، هێزه‌كانی سوپای توركیا له شاری بابی سه‌ر به پارێزگای حه‌له‌ب له سووریا، به‌چه‌ك و گوللـه رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌وه، كه وه‌ك ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه و ره‌فتاری چه‌كدارانی یه‌كێك له‌و گروپانه‌ی توندڕه‌و رژابوونه سه‌ر شه‌قامه‌كان، كه له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه پشتگیری ده‌كرێن.
چالاكوانانى شارى بابی سووریا له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر درووستبوونی حاڵه‌تێكی گرژی و ئاڵۆزی فراوان كردۆته‌وه، كه له شاره‌كه‌یان ده‌گوزه‌رێت و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییان هاوپێچ كردووه، كه له دیمه‌نه‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئۆتۆمۆبیلێكی سه‌ربازی له‌كاتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌دا سه‌ربازانی توركیا و ميليشياكانى ئۆپۆزسیۆن ده‌گوازێته‌وه ناو ئه‌و شاره و، سه‌رباز و چه‌كداره‌كان رووی چه‌كه‌كانیان له خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن. دوپاتیش كراوه‌ته‌وه، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای توركیا رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌ته‌وه، سه‌ر به گروپی "فیرقه‌ی حه‌مزه"ن، كه یه‌كیكه له‌و گروپانه‌ی ناویان له‌خۆ ناوه "سوریای ئازاد" و له‌لایه‌ن توركیاوه پشتگیری ده‌كرێن.
له ڤیدیۆكه‌دا نیشان ده‌درێت، یه‌كێك له خۆپیشانده‌ران داوا له سه‌ربازانی تورك ده‌كات چه‌كه‌كانیان دانێن و چه‌ندین جار پێیان ده‌لێت، "خۆپیشاندانه‌كه له سووریایه نه‌ك له توركیا، ئێره وڵاتی ئێمه‌یه و له وڵاتی خۆمان خۆپیشاندان ده‌كه‌ین"، به‌ڵام سه‌ربازانی تورك و چه‌كداره میلیشیاكان گوێیان پێنه‌دا و ته‌قه‌یان له چالاكوانێك كرد و له‌سه‌ر روماڵكردنی دۆخی ئه‌و شاره ئه‌شكه‌نجه‌یاندا.
در #الباب #سوریه یکی از فرماندهان گروه مخالف "فرقة الحمزة" (مورد حمایت #ترکیه) با نیروهایش وارد یک بیمارستان شده و یک پرستار رو دزدیده. مردم هم دست به اعتراض زدند و با نیروهای ترک درگیر شدند. سربازان ترک تیر هوایی شلیک کردند. ظاهراً یک نفر هم مجروح شده. pic.twitter.com/RHjHQo3WIV
— MIKHA1L (@marsaeternoum) May 6, 2018
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، شاری باب چه‌ندین خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری و چالاكی مه‌ده‌نی و داخستنی رێگای به‌خۆیه‌وه بینیوه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی میلیشیاكانی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری بۆ سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌و شاره.
به‌گوێره‌ی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤیش، له‌میانه‌ی ئه‌و چالاكیانه‌دا به ده‌یان خۆپیشانده‌ر ئاگریان له‌سه‌ر رێگاكان كردۆته‌وه و رێگاكانیان داخستووه و داوایان له چه‌كداره میلیشیكانی ئۆپۆزسیۆن كردووه، چیتر ده‌ستدرێژی نه‌كه‌نه سه‌ر هاووڵاتیان و تاوانبارانیش سزا بدرێن.
H.B