نێچيرڤان بارزانى: سه‌رۆك بارزانى و پێشمه‌رگه‌ ره‌مزى تێكشكاندنى داعشن

سه‌رۆك بارزانى شياوى ئه‌وه‌يه‌ وه‌ك مه‌رجه‌عى هه‌مووان بێت

K24 – هه‌ولێر:

جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان، (نێچيرڤان بارزانى) رايگه‌ياند، سه‌رۆك بارزانى و پێشمه‌رگه‌ ره‌مزى تێكشكاندنى داعشن و سه‌رۆك بارزانى شياوى ئه‌وه‌يه‌ وه‌ك مه‌رجه‌عى هه‌مووان بێت.

(نێچيرڤان بارزانى) له‌ ميانى ئاهه‌نگى بانگه‌شه‌ى ليستى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ شارى دهۆك وتارێكى ئاراسته‌ى خه‌ڵكى دهۆك كرد و تێيدا گوتى: ‌"پارتى و خه‌ڵكى خۆڕاگرى بادينان هه‌ميشه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ بوونه‌ و چۆن سه‌رۆك بارزانى و پێشمه‌رگه‌ هه‌رێميان له‌ داعش پاراست، له‌ به‌غداش رۆڵه‌كانى پارتى به‌ گيانى پێشمه‌رگايه‌تييه‌وه‌ ده‌بنه‌ پارێزه‌رى راسته‌قينه‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى كوردستان".

گوتيشى: "پارتى حزبێكى يه‌كگر و خاوه‌نى ناوه‌ندێكى يه‌كگرتووى بڕياره‌ و وه‌ك حزبى يه‌كه‌م له‌ كوردستان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و پارتى خاوه‌نى يه‌ك مه‌رجه‌عه‌، ئه‌ويش سه‌رۆك بارزانييه‌ و شياوى ئه‌وه‌يه‌ ببێته‌ مه‌رجه‌عى هه‌مووان".

هه‌روه‌ها گوتيشى: "پێشمه‌رگه‌ و جه‌ماوه‌رى پارتى داعشيان تێكشكاند و زۆر پيلانى ناحه‌ز و نه‌يارانيان له‌ گۆڕنا كه‌ بۆ له‌ناوبردنى ئه‌زموونى كوردستان دايانڕشتبوو".

(نێچيرڤان بارزانى)، هه‌روه‌ها گوتى: "كوردستان قه‌رزارى خوێنى شه‌هيدانه‌ و ئه‌گه‌ر خوێنى ئه‌وان نه‌بوايه‌ كه‌س نه‌يده‌زانى چاره‌نووسى كوردستان چى لێ دێت".

دووپاتيشيكرده‌وه‌، "ئه‌وانه‌ى له‌ سحێلا و پردێ به‌ره‌نگارى دوژمنان بوونه‌وه‌ رۆڵه‌ى پارتى بوون".

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، "پارتى بۆ داكۆكيكردن له‌ مافى كورد ده‌چێته‌ به‌غدا و پارتى له‌گه‌ڵ يه‌كڕيزيدا بوو، به‌ڵام هه‌ندێك لايه‌نى ناحه‌ز ده‌يانه‌وێت هه‌ڵبژاردن به‌كار بهێنن بۆ شكاندنى پارتى و كوردستان و ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردن بيسه‌لمێنين كه‌ ئه‌وان هيچ كاتێك ناتوانن پارتى بشكێنن و كوردستان بفرۆشن".