نێچیرڤان بارزانی: زیان لێكەوتووانی لافاوەكەی دھۆك قەرەبوو دەكەینەوە

"سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان دەكەین"

K24 - دھۆك

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی شوێنی لافاوەکەی شاری دهۆکی کردو رایگەیاند، وەك حكوومەتی ھەرێم زیان لێكەوتووانی لافاوەكە قەرەبوو دەكەینەوە و ھەوڵیش دەدەن ئەو ماڵانە بگوازنەوە كە شوێنەكانیان خراپە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە تووشی رووداوی ھاوشێوە نەبنەوە.

نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند: "بێگومان وەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، قەرەبووی زیان لێكەوتووانی لافاوەكەی دھۆك دەكەینەوە، لەو رووداوە ژمارەیەك ھاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و سەرخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان دەكەین".

لەبارەی ھەندێك ماڵی گەڕەكێكی دھۆك، كە ئاو چووەتە نێو ماڵەكانیان، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم گوتی: "شوێنەكەیان خراپە و وەكو حكوومەت ھەڵدەدەین لەو شوێنە بیانگوازینەوە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە تووشی رووداوی لەو شێوەیە نەبنەوە".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق و رێژەی دەنگەكانی پارتی، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "بە ھەوڵ و پشتیوانی ھەموو دڵسۆزانی گەلی كورد پارتی سەردەكەوێت و بە ھێزەوە دەچێتە نێو پەرلەمانی عێراق".

گوتیشی: "ھیواخوازین كورد بە یەك دەنگ و یەكڕیزی بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان بكەن، چونكە قۆناخی دوای ھەڵبژاردن ئاسان نییە و دەبێ كورد یەكدەنگی خۆی بپارێزێت، وەك پارتی بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی كورد لە دوای ھەڵبژاردن ئەوەی پێویست بێت دەیكەین".

ھ.م