لە كەركووك پێشمەرگە دەبێتە كەرەستەی بانگەشەی كورد و عەرەب

لیستە كورد و عەرەبەكان گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەنە درووشمی بانگەشە

K24 - كەركووك

جێگیرکردنی پێشمەرگە لە کەرکووك بووەتە بانگەشەی بەشێك لە هێزە سیاسی کوردییەکان و بۆ دەنگ کۆکردنەوە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە گەرم کراوەتەوە، ئەمە نەك تەنها لای کورد، بەڵکو لای لیستە عەرەبی و تورکمانیەکانیش وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت و دژی گەڕانەوەی ئەو هێزە. کاندیدەکانیان لێدوان دەدەن و دژی دەوەستنەوە،  بەڵام خەڵکی دەڵێن. گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووك لە دەسەڵاتی پەرلەمانتار گەورەترە و پێویستی بە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کوردە.

بەپێی دەستووری عێراق، ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت بەهاوبەشی بەڕێوە ببڕیت لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام هەنگاوە سەربازییەکانی عێراق، بەلای کوردەوە پێچەوانەی دەستوورە.

گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووك و جێگیرکردنیان هەنگاوی داهاتووی هێزە سیاسیەکانە لە پەرلەمانی عێراقو ئەمەش بەڵێنێکە و بەخەڵکیان داوە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان.

حەسەن شێخانی، کاندیدی لیستی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەندێك درووشمی لایەنەكانی عەرەبی و توركمانی نا دەستوورییە، بۆ نموونە دەڵێن، ماددەی 140 نەماوە، بنەمایەكی دەستووری ھەیە بۆ چارەسەری كێشەكانی شارەكە وەك لە دەستوور كە قۆناخی كۆتایی راپرسییە".

درووشمی بەشێك لەهێز و لایەنە سیاسییەکان، جێگرکردنی پێشمەرگەیە لە کەرکووك، ئەوان دەڵێن، دوای هەڵبژاردن دەمانەوێت بە رێکكەوتن هێزێکی هاوبەش لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە پێك بهێنرێت.

عەبدولرەحمان خەلیفە، کاندیدی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێت: "ئەو دۆخەی لە كەركووك ھەیە بە دڵی ئێمە نییە و شارەكە بە بارودۆخێكی تایبەتدا تێدەپەڕێت، لە راستیدا دەبێ ھەردوو لایەنی ناكۆك لە كەركووك یان لەسەر بەڕێوەبردنی رێكبكەون، یان خەڵكی كەركووك خۆی حوكمی خۆی بكات تا ئەو دۆخە یەكلایی دەبێتەوە، ئەو كات ھەر وەك شارێكی كوردستانی دەمێنێیتەوە".

ھ.م