لە كۆنفرانسی چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست باسی رۆڵی كوردستان دەكرێت
فەلاح مستەفا: لە سەخترین كاتدا كونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان كوردستانیان جێنەھێشت
K24 - ئیستانبۆڵ
لە شاری ئیستانبۆڵ، دەربارەی كێشەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا، لە كۆنفرانسەكەدا فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ئامادە بوو، باسی لە كێشەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پێگە و رۆڵی ھەرێمی كوردستان كرد لە چارەسەركردنی ئەو كێشانە.
لەبارەی بەشداریكردنیان لەو كۆنفرانسە و رۆڵی كورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دەبێ ئەوە بزاندرێت كە كورد یاریكەرێكە لە ناوچەكە و قەوارەیەكی دەستوورییە، بۆیە لایەنە نێودەوڵەتییەكان مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەكەن، ھەتا لە سەخترین كاتدا كە حكوومەتی عێراق ئابڵوقەی ئاسمانی خستەسەر ھەرێمی كوردستان، كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە كوردستان مانەوە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ھەرێمی كوردستان وەك خۆی مایەوە، خۆشبەختانە ئێستا لە قۆناخێكی دیكەداین".
دلاوەر عەلائەدین، سەرۆكی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تۆژینەوە (مێری) یەكێكی دیكەیە لەو كوردانەی بەشداری كۆنفرانسەكەی كرد ئەو دەڵێت: "ئێستا عێراق سوپای نەماوە و كۆمەڵێك چەكداری حەشدی شەعبی و ھەندێك ھێزی دیكەی جێگەی سوپایان گرتووەتەوە، وایانكردووە كە خەڵك ئەو واقیعە قبووڵ بكات كە لەو شوێنەن و دەمێننەوە، ئەو ھێزانەی كە ناحكوومین و بە دەستووری عێراق دەبوایە ھەڵبوەشێندرێنەوە بچنەوە ناو سوپای عێراق، ئێستا بە لیستی جیاواز بەشداریان لە ھەڵبژاردن كردووە، رەنگە لە حكوومەتی داھاتوو سەرۆك وەزیرانی عێراق لەوان بێت، بۆیە كێشەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێكە چارەسەریان ئەستەمە".
ھ.م