"زۆر لە كاندیدەكان پابەندی بەڵێنەكانیان نابن"
پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كاریگەریان لەسەر خەڵك دەبێت
K24 - ھەولێر
وادەی كۆتایی ھاتنی بانگەشەی ھەڵبژاردنی نزیكبووەتەوەو کاندید و قەوارەکان ئەوەی ھەیان بوو، لە شەقام و لەناو خەڵك و راگەیاندنەکانەوە خستیانەروو، بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی ھاووڵاتیان، بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێیوایە لە بانگەشەی ئەمجارە، تەنھا پرسە نیشتیمانیەکان، سەرنجی خەڵکیان راکێشاوە. ژمارەیەك ھاووڵاتیش رایدەگەیەنن، درووشمی زۆربەی كاندیدەكان نەیتوانیوە متمانەی ئەوان بە دەست بێنێت.
ئازاد حەمەدەمین، کاندیدی پارتی لە ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "سەرەڕای ھەموو ئەو شتانەی بە دڵیان نەبووە، بەڵام دڵنیام بەھۆی ھەستی نەتەوایەتی لە رۆژی دەنگدان زۆربەی ھاووڵاتیان دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، چونكە دەنگدان پەیوەندی بە پرسی نیشتمانی و نەتەوەییەكانەوە ھەیە".
لەناو ھاووڵاتیانیش باسی ھەڵبژاردن گەرمە، ئەوان قسەی جیاواز لەبارەی بەڵێنی کاندید و قەوارەکان دەکەن، ھەندێك لە کاندیدەکان بەو پەیامانەی ھەیان بووە، توانیویانە کاریگەری لەسەر ھاووڵاتیان دروستبکەن کە دەنگیان پێبدەن، بەپێشچەوانەش بەڵێن و قسەی ھەندێ کاندید، وەک ھاووڵاتیان دەڵێن، ھیچ کاریگەری نەبووە.
زیاتر لە 20 رۆژە قەوارە و لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان، شەقامەکانیان بە وێنە و پۆستەرەکانیان تەنیووە، خەڵکیش چاوی لەوەیە ئەمجارە، داواکاریەکانیان جێبەجێبکرێت، چونکە ئەوان دەڵێن، پێشر زۆر گوێیان لە بەڵێنی کاندیدەکان بووە، بەڵام کە دەرچوون، مەگەر دووبارە کاندید کرابنەوە، ئەگەرنا کەسیان نەبینیوەتەوە.
ھ.م