لایەنە کوردییەکان داوای گەرەنتی جێبەجێکردنی دەستوور لە بەغدا دەکەن

"دەبێ كورد سەنگی خۆی لە عێراق بپارێزێت"

K24 - سلێمانی

زۆرینەی لایەنە کوردییەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن پێش ئەوەی بچنە بەغدا دەبێت گەرەنتی جێبەجێکردنی دەستووریان پێبدرێت، لە ئەگەری جێبەجێنەکردن یاخود پاشگەزبوونەوە، ئەوا کورد کارتی فشار بەکاردەھێنێت ئەویش پرسی سەربەخۆی کوردستانە، بەوپێەی دوای ئەم ھەنگاوە کورد ھیچ چارەیەکی دیکەی لەبەردەست نابێت.

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیش دەڵێن، ھەر رێكکەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی داھاتووی عێراق بکرێت، پێویستە لایەنی سیێەم چاودێری دۆخەکە بکات، یاخود ناوەرۆکی رێکكەوتنەکە لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت تا عیراق ناچار بکرێت پابەندی دەستووربێت.

تانیا تاھیر، كاندیدی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر حكوومەتی عێراق جارێكی دیكە پابەند نەبوو بەو بڕگە دەستووری و یاساییانەی كە لە خزمەتی خەڵكی كوردستانن، ئەوا پێمانوایە باشترین بژاردە لەبەردەم ھەرێمی كوردستان، بەكارھێنانەوەی كارتی دەنگدانی خەڵكی كوردستانە بە سەربەخۆیی".

ھەر سەبارەت بەو پرسە، دکتۆر موئمین زەڵمی، ئەندامی ئەنجومەنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێت: "دەبێت پێش ھەمووشتێك كورد سەنگی خۆی لە عێراق بپارێزێت، ئەمەش بەوە دەكرێت كە ھەموو لایەنەكان یەكڕیزی بكەنە ستراتیژی كاركردن، ئەگەر كورد بتوانێت ئەو یەكڕیزییە بچەسپێنێ و ژێرخانی ھەرێمی كوردستان بەھێزبكات و سیستمی حوكمرانی لە ھەرێم بكاتە سیستمێكی دادپەروەری، بە دڵنیاییەوە دەتوانین كار بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان بكەین".

ئەندامێکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش پێیوایە گەر لایەنەکان یەكدەنگی نەکەنە ئەولەویەتی کاریان ئەوە ناتوانن کارتە فشارەکانیان لەبەرامبەر بەغدا بەکاربێنن.

مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر كورد بە ئەجندایەكی نیشتمانی وێنەكراو و دانپێدانراوی ھەموو لایەنەكان نەچێتە بەغدا، بە بۆچوونی من مەترسی دەبێت، بەڵام ئەگەر بەیەكەوەبین كارتەكەمان لە بەغدا بەھێز دەبێت، چونكە بەغدا بۆ دروستكردنی كابینەی حكوومەتی داھاتوو پێویستی بە كوردە، بۆیە پێویستە كورد مەرجەكانی لەگەڵ پێكھێنەری حكوومەتی ئایندەی عێراق بە جیدی باس بكات".

لەساڵی 2005 دەستووری عێراق دوای بەدەستھێنانی دەنگی زۆرینەی ھاووڵاتیان لە پەرلەمانەوە پەسندکرا، دەستووری عێراق لە 144 ماددە پێکھاتووە، کە 55 یان تایبەتن بە کوردستانەوە، ھەردوو مادەی 140 و 132 گرنگترین ماددەکانی تایبەت بە کوردن، کەچی تائێستا حکوومەتی عێراق لە کۆی ماددەکان نەیویستووە تەنھا دوو لە مادەدکان جێبەجێ بکات، بۆیە تاکە مەرجی کورد لەپێکَھانی حکوومەتی داھاتووی عێراق چەسپاندی دەستوورە، بە پێچەوانەوە ئەگەری زۆر ھەیە کورد جارێکی دیكە سەربەخۆیی بھێنتەوە بەرباس.

ھ.م