شه‌ش لايه‌نى سياسى كوردستان: ئۆباڵى رووداوه‌كان ده‌خه‌ينه‌ ئه‌ستۆى يه‌كێتى

راگه‌يه‌ندراوى هاوبه‌شى: (بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، كۆمه‌ڵى ئيسلامى، هاوپه‌يمانى ديموكراسى و دادپه‌روه‌رى، بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى، يه‌كگرتوو، شيوعى)

K24 – هه‌ولێر:

هه‌ر يه‌ك له‌ لايه‌نه‌كانى (بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، كۆمه‌ڵى ئيسلامى، هاوپه‌يمانى ديموكراسى و دادپه‌روه‌رى، بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى، يه‌كگرتوو، شيوعى) كۆبوونه‌وه‌ و له‌ باره‌ى ئه‌نجامى به‌رايى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و هێرشكردنه‌ سه‌ر مه‌كۆى سه‌ره‌كى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ شارى سلێمانى‌، راگه‌يه‌ندراوێكى هاوبه‌شيان بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست (كوردستان24) كه‌وتووه‌، هاتووه‌: "جەخت دەکەینەوە کە بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە ململانێ سیاسییەکاندا دەبێتە مایەی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەم کارە رەفتارێکی نا دیموکراسی و ناشارستانییە و ناوبانگی میللەتەکەمان لەکەدار دەکات".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "وێڕای ئیدانەکردن، بەهیچ شێوەیەک بۆ هاوڵاتیانی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان مایەی قبوڵکردن نییە و هەموو رێکارێکی یاسایی و سیاسیی و جەماوەری مەدەنی و دیموکراسی هاوبەش دەگرینەبەر".

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

هاووڵاتیانی بەشەرەفی کوردستان

دوێنێ شەو، 12ی ئایاری 2018، هێزێکی چەکداری سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڵدەکەوتنە سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان، هەوڵی تیرۆر و تۆقاندنی ئەندامانی کۆبوونەوەکەیان داوە و راستەوخۆ ئاراستەی تەقەکردنەکە رووی لە ژووری کۆبوونەوەکە بووە، کە بۆ تاوتوێکردنی هەڵوێستی هاوبەشی لایەنەکان بووە لە بەرامبەر ساختەکارییەکان و دەستکاریی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

لە ئەنجامی ئەو رەفتارە دژە دیموکرسیی و نایاساییە، وێڕای بریندابوونی چەند هاوڵاتییەک و زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی بارەگاکە و تەقەکردن لە ئوتومبێلی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و لە دەرهاویشتەی ئەو تەقەکردنەدا شۆفێری کەناڵی خەندان گیانی لەدەست دا، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری دەکەین و رایدەگەیەنین ئۆباڵەکەی دەخەینە ئەستۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

جەخت دەکەینەوە کە بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە ململانێ سیاسییەکاندا دەبێتە مایەی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەم کارە رەفتارێکی نا دیموکراسی و ناشارستانییە و ناوبانگی میللەتەکەمان لەکەدار دەکات. بۆیە وێڕای ئیدانەکردن، بەهیچ شێوەیەک بۆ هاوڵاتیانی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان مایەی قبوڵکردن نییە و هەموو رێکارێکی یاسایی و سیاسیی و جەماوەری مەدەنی و دیموکراسی هاوبەش دەگرینەبەر.

سەرکەوتووبێت ئیرادەی حەقخوازانی گەلەکەمان

بزوتنەوەی گۆڕان

کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان

هاوپەیمانی دیموکراسی و  دادپەروەری 

بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان   

حزبی شیوعی کوردستان  

13-5-2018