كۆمسیۆن شەش لایەنە ناڕازییەكەی كوردستان بێ ئومێد دەكات
"رەنگە یەكێك لە ھەنگاوەكانمان كشانەوەبێت لە پڕۆسەی سیاسی"
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ جارێكی دیكە شەش لایەنی كوردستان لەبارەی نیگەرانیەكانیان لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لە ھەولێر شەش كۆدەبنەوە، بەرپرسی مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێر رایدەگەیەنێت، كاتێك كۆمسیۆن وەڵامی نیگەرانیەكانی نەداونەتەوە زیاتر بێ ئومێدبوونە، رەنگە یەكێك لە ھەنگاوەكانیان بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق بێت. دەشڵێت "ھیوادارین ناچارمان نەكەن ھێزی چەكداری دروست بكەین".
ھێمن محەمەد شێخانی، بەرپرسی مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك شەش لایەنی سیاسی ھەرێمی كوردستان دوای ئەوەی دوێنێ لە بەیاننامەیەكدا ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانمان رەتكردەوە، بڕیاربوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا باس لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی خاڵەكانی راگەیەندراوەكە بكەین، بەڵام كە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق گوێی لێ نەگرتین كە دەنگەكانمان یاری پێكراوە و دەنگی راستەقینەی خۆمان نین، زیاتر بێ ھیوابووین، بۆیە خاڵی سەرەكی دانیشتنی ئەمڕۆمان ئەوەیە كە چۆن بەرەنگاری دەسەڵات ببینەوە".
گوتیشی: "وەك ھەڵوێست بەرامبەر ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكان، زۆر رێگەمان لەپێشە كە بیگرینەبەر، و یەكێك لە رێگەكان بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراقە، رەنگە یەكێك لە ھەنگاوەكانمان ئەوەبێت، ھەموو رێكارە یاساییەكان دەگرینەبەر، ئەگەر رێگریشمان لێ بكرێت رێگەی دیكە دەگرینەبەر".
لەبارەی گرژییەكانی 12 ئایار لە نێوان یەكێتی و گۆڕان كە لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەنجامە نافەرییە بەراییەكان ھاتە ئارەوە، بەرپرسی مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێر گوتی: "ھاووڵاتیانی سلێمانی نیشانی یەكێتیدا كە جارێكی دیكە ئەو ھێزە نییە ھەڵبكوتنە سەر بارەگا و ماڵی خەڵك، لەوكاتەی ھێرشیان كردە سەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان وەڵامیاندرایەوە".
سەبارەت بە دەنگۆی دروستكردنی ھێزی چەكدار لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان، ھێمن محەمەد شێخانی دەڵێت: "ئێمە باوەڕمان بە شەڕی براكوژی نییە، بەڵام شەڕی ئەمجارەمان لەگەڵ ئەوانەیە كە دەنگی خەڵكیان زەوتكرد، دەبێ دەنگە زەوتكراوەكان بە دەست بێنینەوە، ھیوادارین ناچارمان نەكەن بڕیاری دروستكردنی ھێزی چەكدار بدەین".
ئەو لایەنەنانە كە پێكھاتوون لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان. دوێنێ 14/5/2018 لەسەر ئاستی باڵا لە شاری ھەولێر كۆبوونەوە.
ھ.م