ئەنجامی ھەڵبژاردن ئیسلامییەكانی كوردستان یەكدەخات
ئیسلامییەكان: دەنگەكانمان دزراوە
K24 - سلێمانی
ئیسلامییەکانی کوردستان ئهو ئەنجامه بەراییهی كۆمیسیۆن دهربارهی ھەڵبژاردنی ئهنجوومهنی نوێنهران بڵاویكردووهتهوه، به دوور لە پێگەو سەنگی جەماوەری خۆیان دهزانن، کەمبوونەوەی دەنگەکانیان دەخەنە پاڵ ئەو ساختەکاریەی کە وەك خۆیان دەڵێن، بە بەرنامە و بە تایبەت لە دژی ئەوان گیراوەتە بەر، کۆمەڵی ئیسلامی جیا له دهنگهكانی خۆیان، چاوەڕێی دەنگی نا ئیسلامیش بوون، لیستی ئیسڵاح خوازانیش رایدەگەیەنن، ھەموو بەڵگەکانیان لەبەردەستە کە دەنگیان چەند بەرانبەر زیادیکردووە، كهچی لێیان دزراوە.
بە پێی ئەو ئەنجامە بەراییەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دەنگی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان رووی لە داکشان کردووە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو. حزبه ئیسلامییهكان ههڵبژاردنهكهی ئهمجاره به پێوهر نازانن بۆ زانینی دهنگ و سهنگی خۆیان، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی بزووتنەوەی ئیسلامی کە حزبەکەی لەگەڵ یەکگرتوو یەك لیستی ھاوبەشیان پێكهێناوه پێیوایە، ئەگەر ساختەکاری نەبووایە، دەبوو چەند ھێندە دەنگیان زیادی بکردایە.
عەتا شیخ لەتیف، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەریاند: "كودەتا بەسەر ئەو دیموكراسیەدا كرا كە چەند ساڵێكە ھەندێك حزب لە كوردستان، ھەر خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن، بەپێی داتا و كاروباری رێكخستن بە بەڵگە دەنگەكانمان زیادی كردووە، بەڵام لە ھەڵبژاردن دەنگەكانمان دزراون".
بە پێی ئەنجامە بەراییەکان کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە ئهنجامی ههڵبژاردنی رابردوو کە 3 کورسی پەرلەمانی عێراقە دەردەچێتەوە، بەڵام ئەوە بە مانای نەبوونی نیگەرانی نییە لای بەرپرسانی ئەو حزبە و ئەوان دەڵێن، دەنگدەرانی ئیسلامی گەر زیاد نەبێت کەم ناکات. کەمبوونی دەنگ بۆ ساختەکاری لە ھەڵبژاردن دەگێڕنەوە.
کامەران بابان زادە، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "بەشێكی زۆربەی دەنگدەری ئیسلامییەكان ئەوانەن كە بە عەقیدە و ئایدۆلۆژیا دەنگیان پێدەدەن، دەكرێ دەنگی ئیسلامییەكانیش كەم بكات، بەڵام كەمكردنێكی خێرانا، بەرزبوونەوەشی بەشێوەیەكی وانابێت، ببێتە موفاجەئە".
گوتیشی: "تا بەڵگەیەكی باوەڕپێكراو نەبێت، بە دڵنیایەوە دەڵێین دەنگی لایەنە ئیسلامییەكان دزراوە، بەتایبەتی كۆمەڵی ئیسلامی كە چاوەڕوان دەكرا لەم ھەڵبژاردنە دەنگەكانی زیاد بكات".
پێشتر ئیسلامییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 7 کورسیان ھەبوو، کە 4 یان پشکی یەکگرتوو سێ كورسییهكهی تریش هی کۆمەڵی ئیسلامی بوون، كهسایهتییهكی سیاسی ئیسلامیش دەڵێت، ساختەکارییەکە کارێکی کردووە، پێوەر نەماوە بۆ زانینی دەنگی راستەقینەی ئیسلامی و نائیسلامی.
ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و كەسایەتی سیاسی ئیسلامی بە كوردستان24 گوت: "خۆزگە ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەر لە كوردستان ئەنجامبدرایە و یاری بە چارەنووسی دەنگەكان نەكرابوایە، بۆ ئەوەی دەنگی ئیسلامی و نائیسلامییەكان دەركەوتبایە، ئەوەی ئێستا ھەیە ھیچ پێوەرنییە بۆ ھیچ لایەنێك. ئیسلامییەكان پێیانوایە ئەو دەنگانەی ئێستا بۆیان ھاتووەتەوە، یەك لەسەر سێی دەنگەكانیان".
ئەو بەرەیەی كە دەڵێن دەنگەکانیان دزراوە، لە فراوان بووندایە و بە پێی زانیارییەکان حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێش دەڵێن، دەچینە ناو ئەو بەرەیە و ناڕازین له ئهنجامه بەراییەکانی ههڵبژاردن.
ھ.م