نێچیرڤان بارزانی: داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلاوەبنێن

سوپاسگوزاری ئاراستەی جەماوەری پارتی دەکات

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێکدا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆتاییھاتنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پەیامێک بڵاودەکاتەوە و وێرای پیرۆزبایی و سوپاسگوزاری بۆ جەماوەری پارتی راشیدەگەیەنێت، داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ھەموو ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلاوە بنێن و لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان

لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی ھاتووە: "ئێمە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی گەلی کوردستانەوە، داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ھەموو ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلاوە بنێن و لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، ئامادە بن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەمەبەستی دانانی کارنامەیەکی ھاوبەش لەپێناو بەشدارییەکی بەھێزی کوردستان لە حکوومەتی داھاتووی عێراقدا. پارتی بۆ ئەم مەبەستە لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ ھەموو گفتوگۆ و کارێکی ھاوبەش".

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "پیرۆزباییی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقتان لێدەکەم، ھیوادارین ئەنجامەکانی ئەو ھەڵبژاردنە ببنە مایەی دروستبوونی پەرلەمان و حکوومەتێکی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا کە دەستوور جێبەجێ بکات و خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاووڵاتیان دابین بکات و ھەموو ئەو مافانەی ھاووڵاتیانی عێراق کە لە دەستووردا ھاتوون، دابین بکات. ئومێدەوارین ئەو ھەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەک بۆ دروستکردنەوەیەکی نیشتمانیانەی ھەموو دەزگا دەوڵەتی و حکوومییەکانی عێراق کە ڕەنگدانەوەی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بن ".

نێچیرڤان بارزانی ئەوەش دەخاتەروو: "ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆکردنێکی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروستکردنی حکوومەتێکی ھاوبەش کە تەوافوق و شەراکەت و پاراستنی بەرژەوەندیی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بکاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و کاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین ھەموو کێشەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بکەین".

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە

جەماوەری خۆشەویست و تێکۆشەری پارتی

ئەم سەرکەوتنە سەرەتا لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و لە پێشمەرگە قارەمانەکان، ئینجا لە ھەموو ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان و تێکڕای گەلی کوردستان پیرۆز دەکەم. ئەم سەرکەوتنە دیموکراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە ھەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە. بەرھەمی خەباتی پارتی و بەرگریی پارتییە لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ئامانجەکانی گەلی کوردستان و بەرھەمی خەباتی بەردەوامی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی یە لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستاندا.

لە ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردندا، مەکتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی، ئەنجومەنەکانی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگاکان، مەکتەبەکانی پارتی، ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان، ھەموو ئەو ھەڤاڵانەی سەرپەرشتیی کەمپینەکانی ھەڵبژاردنیان دەکرد لە پارێزگاکاندا، ھەموو لق و ناوچە و ڕێکخراو و بنکەکەکان، ئەوپەڕی چالاکییان نواند بۆ سەرخستنی لیستی پارتیمان. کار و خەباتی ھەموویان و ئەرککێشانی ھەموو دەنگدەرانی پارتی، جێگەی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینە. لە ھەمان کاتدا ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتیمان و چالاکیی گەنجانی پارتی لە ھەموو بوارەکان و شێوازەکانی تازەی کارکردن لەپێناو سەرخستنی لیستی پارتیدا، بەرز دەنرخێنین. ھەموو کاندیدەکانی لیستی ١٨٤ی پارتی و کارکردن و ھەوڵ و ماندووبوونیان، جێگەی ڕێزی بەردەوامی سەرکردایەتیی پارتین

سوپاسی تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەم کە بەشدارییەکی گەورەیان لەسەر ئاستی عێراق تۆمار کرد و مافی دیموکراسیانەی خۆیان بەکار ھێنا، ھەروەھا سوپاسی ھەموو دامودەزگا حکوومییە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دەزگا ئەمنییەکان دەکەم کە لە بەڕێوەچوونی ئارام و سەرکەوتووانەی پرۆسەی ھەڵبژاردندا، ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا.‌

لەو باوەڕەداین کە ھەموو بەرپرس و ئۆرگانەکان و ئەندامانی پارتی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بە ھێز وەرگرتن لەو سەرکەوتنە تازەیە، کارێکی زۆرتر دەکەن بۆ سەرکەوتنی گەورەتری پارتی. خەباتی پارتی و درێژەپێدانی ڕێبازی بارزانیی نەمر و پابەندبوونی بەردەوامی بە ئامانجە پیرۆزەکانی گەلی کوردستانەوە، ھەمیشە وزەیەکی نوێی خەباتکردن دەداتە ئەندامان و جەماوەری پارتی.

نوێنەرە سەرکەوتووەکانی پارتی وەک ھەمیشە پابەند دەبن بە خەونەکانی شەھیدان و ئامانجەکانمان و بەرگریکاری دڵسۆز دەبن لە بەرژەوەندییەکانی ھەموو گەلی کوردستان و بەرگری لە مافەکانی ھەموو خەڵکی عێراق دەکەن لە پەرلەمانی عێراقدا.

کوردستانیانی خۆشەویست،

ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی میللی، دوای بەخشینی شەھیدێکی زۆر و کارەساتی زۆری شەڕ و دوای ماوەیەکی کەم لە شکستپێھێنان و ھەڵوەشاندنەوەی ھەوڵ و ھێرشەکانی نەھێشتنی قەوارەی سیاسی و ئیداریی ھەرێمی کوردستان، توانی بە ئارامییەکی زۆرەوە، سەرکەوتووانە پرۆسەی گەورەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدات، ئەوەش نیشانەی ھۆشیاری و بەرزیی ھەستی نیشتمانیی خەڵکی کوردستانە.

ئێمە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی گەلی کوردستانەوە، داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ھەموو ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلاوە بنێن و لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، ئامادە بن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەمەبەستی دانانی کارنامەیەکی ھاوبەش لەپێناو بەشدارییەکی بەھێزی کوردستان لە حکوومەتی داھاتووی عێراقدا. پارتی بۆ ئەم مەبەستە لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ ھەموو گفتوگۆ و کارێکی ھاوبەش.

گەلی خۆشەویستی عێراق،

پیرۆزباییی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقتان لێدەکەم، ھیوادارین ئەنجامەکانی ئەو ھەڵبژاردنە ببنە مایەی دروستبوونی پەرلەمان و حکوومەتێکی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا کە دەستوور جێبەجێ بکات و خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاووڵاتیان دابین بکات و ھەموو ئەو مافانەی ھاووڵاتیانی عێراق کە لە دەستووردا ھاتوون، دابین بکات. ئومێدەوارین ئەو ھەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەک بۆ دروستکردنەوەیەکی نیشتمانیانەی ھەموو دەزگا دەوڵەتی و حکوومییەکانی عێراق کە ڕەنگدانەوەی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بن

ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆکردنێکی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروستکردنی حکوومەتێکی ھاوبەش کە تەوافوق و شەراکەت و پاراستنی بەرژەوەندیی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بکاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و کاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین ھەموو کێشەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بکەین.

نێچیرڤان بارزانی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

19/5/2018