ھاوپەیمانی رێگەی خۆی دیار دەكات

"ھەندێك سەركردە دەنگیان بۆ كۆكراوەتەوە شۆك بوونە"

K24 - سلێمانی

وتەبێژی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رایدەگەیەنێت، ئەوان پابەند نابن بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن و رێگەی مەدەنی و یاسایی خۆیان دەگرنەبەر.

لەبارەی ھەڵوێستی ھاوپەیمانی سەربارەت بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن، رێبوار كەریم، وتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 راگەیاند: "بە دڵیاییەوە ئەو ئەنجامانە ساختەكاریان تێداكراوە، ئێمە پێمانوایە ئەوە تەزویركردنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە، بۆیە دووپاتی دەكەینەوە سەرلەبەری ئەو ئەنجامانە رەتدەكەینەوە و پێیەوە پابەند نابین، رێگەی مەدەنی و یاسایی خۆمان دیاركردووە و رێگەش نادەین دەنگی خەڵك بدزرێت".

رێبوار كەریم گوتیشی: "ئێمە رووی خەڵكمان لاگرنگە، كە دەچنە بازاڕ خەڵك بە تەنزەوە پێمان دەڵێن، جەماعەتی دەنگ دزراوەكان ھاتن، منیش بۆیان راستدەكەمەوە و پێیان دەڵێم، ئێمە كورسی دزراوین و ئێوەدەنگ دزراوین، ئەوە بۆ ئێمە سەربەرزییە، ھەندێك لە سەركردەكان كە دەزانن ئەو ھەموو دەنگەیان بۆ كۆكراوەتەوە تووشی شۆك دەبن، پرۆسەكە پڕبوو لە ساختەكاری".

وتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە ھیچ بێ ئومێد نەبووین، بە پێچەوانەوە ئومێدەكەمان زیاتربووە، ئەگەر ئێمە لەسەر ئاگرێكی كەم بە نەرمی خۆمان ئامادەكردبێت بۆ گۆڕانكاری ئەو وڵاتە، ئەوان گڕیان بەردایە ھاودید و ھاوكاران كە دەیانەوێت ئەو وڵاتە چاك بكەن، پێیان گوتن ئەم رێگایەش تاقی بكەنەوە ھەر ئەوە دەرئەنجامەكەیەتی، بۆیە خەڵك سوورترە بێت لەسەر ئەوەی كە رۆڵی ھەبێت لە گۆڕانكاری ئەم وڵاتە، رەنگە رۆژانی داھاتووش ئەنجامی ھەندێك شت زۆر بە روونی دەربكەوێت".

 ھ.م