لە سۆران زیاتر لە 35 كیلۆ مادەی ھۆشبەر دەستی بەسەر داگیرا
لە سنووری توركیا ھێنراوەتە كوردستان
K24 - سۆران
پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "ھێزەكانی ئاسایش بە ھاوكاری ھەواڵگری ھێزەكانی پێشمەرگە توانیان دەست بەسەر بڕێكی زۆری مادەی ھۆشبەردابگرن كە سنووری توركیاوە ھێندراوەتە ھەرێمی كوردستان".
عەمید سدیق عەلی، بەڕێوبەری ئاسایشی گشتی سۆران بە كوردستان24 رایگەیاند: "بنکەی ئاسایشی دەشتی هێرتی سەر بە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی سۆران بە هاوکاری لەگەڵ هەواڵگری سوپای بارزان، توانیان دەست بەسەر 38 کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر لەجۆری هیرۆین دابگرن".
بەڕێوبەری ئاسایشی گشتی سۆران گوتیشی: "ئەو بڕە ماددەی ھۆشبەرە لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزەر داگیراوە، ھەرچەندە ھێشتا بازرگانەكە دەستگیر نەكراوە، بەڵام لای ئێمە ناسراوەو دانشتووی سۆرانە".
روونیشی كردەوە: "لەماوەی مانگێكدا لەسێ ھەڵمەتی گەڕان، زیاتر لە 100 کیلۆگرام مادەی ھۆشبەرە لە سنوورە دەستی بەسەرداگیراوە".



