سیستمی ئەلیكترۆنی شەش لایەنە ناڕازییەكە دەترسێنێ

"متمانە بۆ دەنگدەران بگەڕێندرێتەوە"

K24 - ھەولێر

شەش لایەنە ناڕازییەكەی كوردستان كە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی عێراقیان رەتكردووەتەوە، بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی كوردستان لە نووسراوێكدا چەند داوایەك لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان دەكەن، لە یەكێك لە خاڵەكانی داوایان كردووە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان، بە سیستمی ئەلیكترۆنی نەبێت و متمانە بۆ دەنگدەران بگەڕێندرێتەوە.

لە نووسراوی شەش لایەنەكە ھاتووە: "ئاشكرایە كە 30/9/2018 دیاركراوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە ئێمە بەناوی ئەو پارتە سیاسیانە، ئەم نووسراوە ئاراستەی كۆمسیۆن دەكەین، لەپێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ جەماوەر و خەمخۆریمان بۆ پڕۆسەی دیموكراسی لە كوردستان و پاراستنی ئەزموونەكەمان، بەو ئومێدەی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان ئەزموونێكی جوان و شەفاف و بێلایەنانە پێشكەش بكات".

لە خاڵێكی نووسراوەكە ئەوە خراوەتەروو: "تۆماری دەنگدەران بەو شێوەیەی كە راتانگەیانووە بۆ خەڵكی كوردستان بژار بكرێت لەو ھەڵە و كەمووكوڕیانەی كە لە میدیاكانەوە باس دەكرێت وەك بوونی ناوی دووبارە، مردوو، ئاوارە، نایاسیی و ھتد".

ئەو شەش لایەنە داواش لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان داوا دەكەن: "بەھیچ شێوەیەك كار بە سكانەر و سندووقی زیرەك نەكرێت بۆ ھەژماركردنی دەنگەكان لە ھەڵبژاردنەكان، چونكە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خراپترین ھەڵبژاردنی مێژووی نوێی عێراق و كوردستان بوو، ئێمە ھیچ پاساوێك بۆ ئەو بابەتە نابینین و دژی دەوەستینەو، چونكە پێمان وایە ئەم بابەتە، رێگایەكی مەترسیدارە بۆ ساختەكاری و دەیان ئەگەری ھەیە و ناتوانرێت رێگای لێبگیرێت، لە كوردستان ھیچ ژێرخانێكی تەكنەلۆجی و مرۆیی نییە بۆ ئەم بابەتە و ئەزموونێكی زۆر تاڵمان تۆماركردووە لەگەڵ تەكنەلۆجیا و ھەڵبژاردن".

 ھ.م

دەقی نووسراوی شەش لایەنە نارازییەكە بۆ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی كوردستان
دەقی نووسراوی شەش لایەنە نارازییەكە بۆ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی كوردستان
دەقی نووسراوی شەش لایەنە نارازییەكە بۆ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی كوردستان
دەقی نووسراوی شەش لایەنە نارازییەكە بۆ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی كوردستان