چەند حزبێكی كوردستان بەھۆی ساختەكاری پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبەن

كۆمسیۆن تانه‌ی به‌شێكی لایه‌نه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق تانەی لایەنە ناڕازییەکانی لە چەند پارێزگایەكی عێراق رەتکردەوە، چونكە بەڵگەی پێویستان نەخستبوەڕوو، له‌و باره‌یه‌وه‌ لایەنەکانی کوردستان دەڵێن، سکاڵا لە دەستەی دادوەری تۆماردەکەین، ئه‌گه‌ر ھەر سوودی نەبوو پەنا دەبەنە بەر دادگای فیدراڵی تا کار لەسەر سکاڵاکانیان بکات.

لەوبارەوە محەمەد ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر رێگەی تانە لێدان لە ئەنجامەكان گەیشتە بنبەست، رێگەی دادوەری و مەدەنی و سیاسی ھەیە، بە ھەموو رێگەیەك ھەوڵدەدەین متمانە بۆ دەنگدەران بگەڕێتەوە".

ھەر پەیوەست بەو باسەوە بەختیار کەریم، گوتەبێژی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر ھەر وەڵامەكانمان دەست نەكەوت پەنا دەبەینە بەر دەستەی دادوەری و دادگای فیدڕاڵی عێراق، ھەموو رێگا یاساییەكان دەگرینەبەر، چونكە بە راشكاوی دەڵێین، لە دەنگدان زوڵم لە حزبی سۆسیالیست كراوە".

کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دوای بێئومێدبوونی لە کۆمسیۆن لەلایەنگری لایەنە دیاریکراوەکانی عێراق، سکاڵای لە دەستەی دادوەری تۆمارکرد و تەواوی بەڵگەکانیشیان خستە بەردەم دەستەکە تا بێ لایەنانە بڕیاری خۆیان لەبارەی ھەڵبژاردنەکانەوە بدەن.

جەھانگیر ئەحمەد، کارگێڕی ناوەندی ھەڵبژاردنەکانی کۆمەڵی ئیسلامی بە كوردستان24 گوت: "تانەكانمان جۆراوجۆرن و دەستەی دادوەری بڕیاری لەسەر دەدات، چاوەڕێین بۆ ئەوەی دەستەی دادوەری و كۆمسیۆن بێ لایەنی خۆیان بسەلمێنن و بڕیاری خۆیان بدەن".

لایەنە ناڕازییەکان بڕوای تەواویان بەوە ھەیە کە کۆمسیۆن بێ لایەنی خۆی لە ھەڵبژاردنەکە نەپاراستووە، بۆیە باشترین شوێن کە پەنای بۆ ببەن تا کار لەسەر سکاڵاکانیان بکات، دەستەی دادوەری و دادگای فیدراڵیە، بۆیە خوازیارن لەوێش سکاڵاکانیان رەتنەکرێتەوە.

ھ.م