مەكگۆرك لە پەنای ئێرانەوە ھێزە ناڕازییەكانی سلێمانی ئاشت دەكاتەوە
"چوار لایەنەكە یەكتر جێناھێڵن"
K24 - سلێمانی
برێت مەکگۆرك، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە ناڕەزایەتییان له ئهنجامهكانی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق ھەیە کۆبووەوە، بەشداربووێكی کۆبوونەوەکەش چەند زانیارییەکی نێو کۆبونەوەکە بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد.
برێت مەکگۆرك، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا. دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستی بە سەردان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە كوردستانی و عێراقییەكان كردووەو ھەوڵدەدات حکوومەتی نوێی عێراق زوو پێك بھێندرێت، لەو چوارچێوەیەشدا روویکردە سلێمانی و لەگەڵ سەرکردەی ھەرچوار لایەنی گۆڕان و یەکگرتوو ھاوپەیمانی و کۆمەڵی ئیسلامی کۆبووەوە، کۆبونەوەکەیان کاتژمێرێکی خایاندو بەشداربوویەکی کۆبونەوەکەش دەڵێت مەکگۆرك پێشنیازێکی دیاریکراوی نەبووە، بهڵام سکاڵای لایهنهكانی بۆ کۆمسیۆن بە ھەند وەرگرتووە، لە کۆتایشدا گوتویەتی کە پشتیوانی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.
كۆبوونەوەكانی نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكانی سلێمانی ھاوكاتە لەگەڵ گفتوگۆی لایەنە عێراقیی و كوردستانییەكان لە بەغدا، پاش ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، برێت مەكگۆڕك، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بە ئاشكرا و نھێنی لە عێراق و كوردستان لەگەڵ لایەنەكان كەوتنە گفتوگۆ، بەڵام چەند رۆژێك سولەیمانی لە عێراق دیارنەماوە و مەكگۆڕك دەگاتە سلێمانی ئەو شوێنەی كە قاسم سولەیمانی بەشێك لە پیلانەكانی لەوێ دادەڕێژێ.
ھۆشیار عومەر، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھێشتا كاتی پێكھێنانی حكوومەتی عێراق ماوە، ھەر لایەنە و خاوەن بڕیاری خۆیەتی، بەڵام گۆڕان و ھاوپەیمانی و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی، لە ھەڵوێستدا یەكڕیزین و یەكتر جێناھێڵین، بەتایبەتی گۆڕان بڕیاری یەكلاكەرەوەی داوە".
یەکێك لەو لایەنانەی لە ئەنجامی ھەڵبژاردن ناڕازییە، یەکگرتوی ئیسلامییە، ئەو حزبە پێی وایە سەردانی نوێنەری ئەمریکا بۆلایان گرنگی دانە بەو رەخنانەی کە لایەنەکان لە سهر ھەڵبژادنەكانی عێراق ھەیانە.
عومەر محهمهد، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "بەشداریكردن یان نەكردن لە حكوومەتی داھاتووی عێراق، وەك چوار لایەنی كوردستان بابەتەكەمان بە كراوەی ھێشتووەتەوە، چی لەبەژەوەندی دیموكراسی و دەنگدەرانی ھەرچوار لایەن بێت ئەوە دەكەین، ئەو كە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق روویداوە لە ساختەكاری دەرچووە و بووەتە فەزاحەت".
ھ.م