ئه‌نقه‌ره: ئه‌مڕۆ شاندێكى ئه‌مريكا بۆ تاوتوێكردنى پرسى منبج ده‌گاته توركيا
بڕياره رۆژى (4ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2018)، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، (مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ) سه‌ردانى ئه‌مريكا بكات
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا رايگه‌ياند، ئه‌مڕۆ شاندێكى ئه‌مريكا سه‌ردانى توركيا ده‌كه‌ن بۆ تاوتوێكردنى پرسى (منبج)ى سووريا.
شارى (منبج) له لايه‌ن يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل(يه‌په‌گه) و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات(هه‌سه‌ده) له ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش رزگار كرا و له ئێستادا توركيا داوا ده‌كات كورد ئه‌و شاره چۆڵ بكات.
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، (حامى ئهكسۆى) له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا گوتى: "ئه‌مڕۆ شاندێكى ئه‌مريكا ده‌گه‌نه ئه‌نقه‌ره بۆ تاوتوێكردنى پرسى منبج".
گوتيشى: "هه‌ر له باره‌ى پرسى منبجه‌وه، بڕياره رۆژى (4ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2018)، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، (مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ) سه‌ردانى ئه‌مريكا بكات و له‌وێ گه‌ڵاڵه‌ى نه‌خشه‌رێگه‌ى تايبه‌ت به منبج دابڕێژرێت".
شارى (منبج)ى هه‌ڵكه‌وتوو له باكوورى سووريا بووه‌ته يه‌كێك له خاڵه‌كانى ناكۆكى نێوان ئه‌مريكا و توركيا.
توركيا بڕواى وايه، (يه‌په‌گه) و (هه‌سه‌ده) درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستانن و ئه‌وان وه‌ك رێكخراوى "تيرۆريستى" وه‌سفده‌كات، به‌ڵام ئه‌مريكا وه‌ك هاوپه‌يمان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و ئامادهيشى ده‌ربڕيوه له (منبج) به‌رگريان لێ بكات.
پێشتر، سه‌رۆكى كۆمارى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، رايگه‌ياندبوو، "ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا (منبج) راده‌ستى توركيا نه‌كات، ئه‌وا؛ توركيا "تيرۆريستان" له شاره‌كه ده‌رده‌په‌ڕێنێت و كۆنترۆڵى ده‌كات".
سه‌رچاوه: رووسياليه‌وم
ئ.ر