نەوتی كەركووك ھەڕاج دەكرێت

سۆمۆ لە راپۆرتی مانگانەی باسی نەوتی كەركووك ناكات

K24 - كەركووك

وەزارەتی نەوتی عێراق راپۆرتی فرۆشتنی نەوتی بڵاوکردەوە کە لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە، بەپێی داتاكان لە ماوەی مانگی رابردوودا بە بەھای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار نەوتی عێراق فرۆشراوە، بەڵام لەو داتایانەی کە بڵاوکراونەتەوە هیچ ئاماژەیەك بە رێژەی بەرهەمێنان و هەناردەی نەوتی کەرکووك نەکراوە، شارەزایان و بەرپرسانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە كەركووك دەڵێن، لەدوای 16 ئۆکتوبەرەوە نەوت هەناردە ناکرێت، چونکە بۆری هەنارەکردنەکەی لای هەرێمی کوردستانە.

ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبە کوردییەکان لە کەرکووك ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، راستە بە فەرمی نەوتی کەرکووك هەناردە ناکرێ، بەڵام بەشێوەی قاچاغ و بە ژێر بە ژێری لە رێگای تانکەرەوە شەوان نەوتی کەرکووك هەڕاج دەکرێت و کەسیش نازانێ داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی کێیەوە.

سیروان مستەفا، شارەزای نەوت بە كوردستان24 راگەیاند: "لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك بە فەرمی وەستاوە، بەڵام بەرھەمی ھەیە و بە چەند شێوەیەك بۆ ناوخۆ بەكاردەھێندرێت".

ھەر پەیوەست بەو باسەوە سەید حەسەن شێخانی، لێپرسراوی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کەرکووك دەڵێت: "ئێستا لە كەركووك نا ئارامییەكی سیاسی ھەیە و حزبەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان چاوپۆشی لە زۆرشت دەكەن بەتایبەتی دۆسییەی نەوت، ئێستا بە نەوتی كەركووك بە قاچاخ دەفرۆشرێت، كە ئێمە بزانین لە چەند شوێنێكی كەركووك نەوت بە قاچاخ دەبردرێت، چۆن دامودەزگاكانی شارەكە و حكوومەت نازانن؟ بۆ ئیجرائات ناكەن؟".

پێش داگیركردنی كەركووك لە 16 ئۆکتوبەری 2017 بەرهەمی رۆژانەی نەوتی کەرکووك نزیكبوەووە لە 700 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام لەدوای رووداوەکان هیچ کەس نازانێ هەناردەی نەوتی کرکووك چەندە و چۆن هەناردە دەکرێت، تەنانەت ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارەش کە رۆڵی چاودێری و بەدواداچوونیان هەیە، بە تەواوی بێ ئاگان لە وردەکاری پڕۆسەی هەناردەکردن نەوتی شارەکەیان و هیچ زانیارییەکیان پێی نادرێت.

ھ.م