ئێران دەیەوێت براوەی یەكەم ئۆپۆزسیۆن بێت

كورد خاڵی یەكلا كەرەوەی ھاوكێشەكان دەبێت

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b4dd1664-a317-4cae-bf36-38d9283693b9/052818WZK.ism/manifest

K24 - ھەولێر     

ھەرچەندە دانوستان و گفتوگۆی نێوان ھاوپەیمانێتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ پێكھێنانی حكومەت بەردەوامە، بەڵام ھیچ پێشڤەچوونێك بەدینەھاتووە.

ھاوپەیمانی سائرون، بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، لەگەڵ ھاوپەیمانی نەسر، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات بەرەیەكن و لە بەرامبەریشدا، ئێران كار بۆ ئەوە دەكات، سەدر بكاتە ئۆپۆزسیۆن و ھەردوو ھاوپەیمانی فەتحی ھادی عامری و دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی بخاتە پێشەوە، كوردیش تاوەكو ئێستا بە تەواوی یەكلانەبووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی تاكو ئێستا لێڵی و گومان بەسەر ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەوە ھەیە، تادێت ئەركی پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییش بۆ ئەوەی حكوومەتی داھاتوو پێكبھێنێت، سەختردەبێت.

ئەوەی ئاشكرایە، رێككەوتنی براوەی یەكەم سائرونە بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، لەگەڵ ھاوپەیمانی نەسر، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەرامبەریشدا، ئێران كار بۆ ئەوە دەكات، سەدر بكاتە ئۆپۆزسیۆن و ھەردوو ھاوپەیمانی فەتحی ھادی عامری و دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی بخاتە پێشەوە . ئێران لە رێگەی قاسم سولەیمانییەوە كە بەدرێژایی ئەم ماوەیەی دوای ھەڵبژاردنەكان لە بەغدایە، زۆر ھەوڵیدا ھاوپەیمانی شیعەكان زیندوو بكاتەوە، بەڵام عەبادی و سەدر رازی نەبوون.

ئێستا سەدر جەخت لەسەر حكوومەتێكی تەكنۆكراتی نیشتمانی دەكاتەوە و بە مەرجیش عەبادی وەك سەرۆك وەزیران قبوڵە، بەڵام كۆی كورسییەكانیان ناگاتە رێژەی یاسایی كە 165 پەرلەمانتارە بۆ پێكھێنانی حكومەت. بەرەی ئێرانیش كە خۆی زیاتر لە فەتح و دەوڵەتی یاسا دەبینێتەوە، ئەوانیش ناتوانن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبھێنن. ئێستا ھاوپەیمانێتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق. چاویان بڕیووەتە كورد، كە تاكو ئێستا بە تەواوی خۆی یەكلانەكردووەتەوە پاڵ بە كام لەم دوو بەرەیە دەدات، بۆیە پێدەچێت، ئەمجارەشیان كورد وەك جارانی پێشوو خاڵی یەكلاكردنەوەی ھاوكێشەكان بێت.

ھ.م