عەبادی لیژنەیەك دەنێرێتە كەركووك

بەڵگەكانی ساختەكاری رادەستی لیژنەكە دەكرێن

K24 - كەركووك

سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوەی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی كەركووك پێكھێناوە و بڕیارە لیژنەکە سەردانی ئەو شارە بکەن، لایەنە سیاسییەکانیش دیکۆمێنتەکانیان ئامادەکردووەو دەڵێن، ساختەکاری کراوەو بەڵگەکان رادەستی ئەو لیژنەیە دەکەین، تەنانەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش، كە لایەنەكان بە ئەنجامدەری ساختەكاری تۆمەتباری دەكەن، باس لەبوونی ساختەکاری دەکات لەھەڵبژاردنەکان.

خۆپێشاندانی عەرەب و تورکمانەکان لەپێش ئەو کۆگایەی کە سەندووقەکانی دەنگدانی لێ پارێزراوە چووە ھەفتەی سیەمەوە و رێگە بەگواستنەوەی ھیچ سندووقێکی دەنگدان نادرێت بۆ بەغدا، ئەو درووشمانەی کە بەردەوام لەو گۆڕەپانە بەرزدەکرێنەوە داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی 12 ئایار دەکەن.

ئیستبرق یزدان ئوغڵۆ، یەکێك لە رێکخەرانی خۆپێشاندەرانی کەرکووك دژی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بە كوردستان24 راگەیاند: "لە كەركووك ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكان كراوە، ئێستا چاوەڕێی ھاتنی لیژنەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین تا تەواوی بەڵگەكانیان رادەست بكەین، دڵنیاین كە ئەنجامی دەبێت، بڕیارمان داوە تا ئەنجامێكمان دەست نەكەوێت واز لە خۆپێشاندان ناھێنین".

ھەموو ئەوانەی کە رۆژانە رەخنە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەگرن و پێیان وایە تەزویر کراوە لە کەرکووك، راستەوخۆ پەنجەی تۆمەت ئاراستەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەکەن، بەرپرسانی یەکێتیش دەڵێن، بەدەیان بەڵگەمان لایە کە پێکھاتەی عەرەب و تورکمان تەزویریان کردووەو ئامادەین رادەستی ئەو لیژنەیەی بکەین کە لە بەغداوە بڕیارە بێنە کەرکووك.

لەوبارەوە ئەرسەلان عەبدوڵڵا، جێگر لێپرسراوی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووك دەڵێت: "بە ڤیدیۆ بەڵگەمان لایە لە رۆژی ھەڵبژاردن لە كەركووك لە كاتژمێری 2ی پاشنیوەڕۆ تا كاتژمێر 5 لە 26 وێستگەی دەنگدان بە زەقی ساختەكاری كراوە، بەشێوەیەك تەزویڕكراوە تەنانەت ئۆتۆمبێلی سەربازیان بەكارھێناوە و خەڵكیان پێ گواستووەتەوە".

ھ.م