لایەنە ناڕازییەكان چاوەڕێی ئەنجامی تانەكان دەكەن
کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی ئاشکرا دەکات
K24 - ھەولێر
دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن كاردانەوە و نیگەرانی چەندین لایەنی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان و عێراق بە دوای خۆیداھێنا، ھەندێك لایەن ئەنجامەكانیان رەتكردەوە و راشیانگەیاندووه، ساختەكاری لە ھەڵبژاردن كراوە، ئێستاش لایەنە ناڕازییەكان چاوەڕێی تانەكان دەكەن ئەگەر وەڵامەكە بە دڵی ئەوان نەبێت رێگەی دیكە دەگرنەبەر، وهرگرتنی تانهی لایهنهكانیش رۆژی 31 ئەم مانگە كۆتایی دێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری ئەمساڵ، بە تۆمارکردنی هەزاران تانە چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتاییە و ئەو ئەنجامەش حکوومەتی چوارساڵی داهاتووی عێراق دیاری دەکات. لە 31 ئەم مانگە دەرگای وەرگرتنی تانە دادەخرێت و لە ماوەی 10 رۆژدا کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی ئاشکرا دەکات، دەبێت دادگای فیدراڵیش 27/6/2018 ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەسەند کردبێت.
یوسف سلێمان، بەرپرسی نووسینگهی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "كاتێك دادگای فیدڕاڵی ئەنجامەكانی پەسند كرد، ھیچ دەرگایەكی دیكە نییە بۆ ئەوەی لایەنەكان پەنای بۆ ببەن".
لە هەرێمی کوردستان و باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش زۆرترین قەوارەی سیاسی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان رەتکردوەتەوە، لایەنە ناڕازییەكانی كوردستانیش چاوەڕێی وەڵامی تانەکانیان دەکەن، ئەگەر تانەکانیش لە بەرژەوەندی ئەوان نەبوون چاوەرێی دەکەن لەگەڵ حزبە ناڕازایەكانی دیکە هاوپەیمانی رابگەیەنن.
حاجی کاروان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "پێویستە لایەنە ناڕازییەكان وەك ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك كاربكەن بۆ ئەوەی ئەو حكوومەتە نوێیەی كە بڕیارە بە دەنگی تەزویر دروست بكرێت، رۆڵی باشیان ھەبێت بۆ راستەڕێكردنی".
گوتیشی: "تائێستا لایەنە سیاسییەكان بڕیاریان نەداوە بەشداردەبن لە پرۆسەی سیاسی عێراق یان نا، ئەگەر بەشداردەبن دەبێ بەرەیەك دروست بكەن كە لەپێناو خزمەتی خەڵك ئیش بكەن، بەڵام بە بڕوای وەك كورد و لایەنەكان بەرژەوەندی ئەوەیە كە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراق نەكەین".
ھ.م