مەسعود حەیدەر: بەیاننامەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان ئەھمیەتی نییە
گۆڕان بڕیارێك لە بارەی مەسعود حەیدەر دەدات
K24 - ھەولێر
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، كە بەھۆی پابەند نەبوونیەوە بە بەرنامە و كارەكانی گۆڕان بڕیاردرا كە مەسعود حەیدەر لە ریزەكانی گۆڕان دروو بخرێتەوە، لەبەرامبەردا مەسعود حەیدەر دەڵێ "بەیاننامەی خانەی راپەڕاندن ئەھمیەتی نییە، چونکە بەندە دەمێکە دەستم لەکارکێشاوەتەوە".
بەپێی میدیای بزووتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندنی ئەو حزبە بە كۆی دەنگ بڕیاری دوورخستنەوەی مەسعود حەیدەری لە ریزەركانی خۆی و فراكسیۆنی گۆڕان له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق داوە.
لە روونكردنەوەیەكیشدا مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: "من زیاتر لە 40 رۆژە دەستم کێشاوەتەوە لە بزووتنەوەکە و لە فراکسیۆنی گۆڕان. لە چەند رۆژی رابردووش بە روونی لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی عێراقی ئەمەم باسکرد. ئەو بەیاننامەی خانەی راپەڕاندن ئەھمیەتی نییە، چونکە بەندە دەمێکە دەستم لەکارکێشاوەتەوە. سەربەرزیشم بە نوێنەرایەتیکردنی کورد و بەرگریکردن لە خاک و خەلکی ھەرێمی کوردستان دوور لە ململانێ ی حزبی و بێ سازشکردن لەسەر قووتی مووچەخۆران و پێگەی دەستوری و یاسایی ھەرێم وماف و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە".
مەسعود حەیدەر، دەشڵێت: "ئەگەر پێویست بکات ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەم بە وردی رووندەکەمەوە".
ھ.م