"پەرلەمان ئاگاداری دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە"

حکوومەت و کۆمپانیای دیلۆیت داهاتی نەوتی کوردستان بڵاو ناکەنەوە

K24 - سلێمانی

لەوەتەی وردبینی لەسەر بڕی نەوتی فرۆشراوی ھەرێمی كوردستان و داھاتی دەستکەوتوو لە نەوتەوە دراوەتە دەست کۆمپانیایەکی بیانی، ئەو کۆمپانیایە تائێستا یەك راپۆرتی لە سەر بڕو داھاتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2017 بڵاوکردووەتەوە، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان بێ ئاگایە لە دۆسییەی نەوت.

بۆ کەمکردنەوەی ئەو رەخنە و تێبینیانەی لەسەر بڕی ھەناردەکراو ھەیە و ئەو داھاتەی کە لەنەوتی ھەرێمەوە بەدەست دێت، حکوومەتی ھەرێم وردبینکردنی لە بڕو داھاتی نەوت دایە دەست کۆمپانیایەکی بیانی بە ناوی دیلۆیت، بەڵام ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی 2016وە تا ئێستا تەنھا یەك راپۆرتی بڵاو کردووەتەوە ئەویش تەنھا بۆ 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2017 بوو، بۆیە کارەکانی ئەم کۆمپانیایەش ھێندەی دیکە رەخنەکانی لەسەر کەرتی نەوت زیادکرد،  وەزیری دارایی ھەرێمیش لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دیلۆیت راپۆرتی نیوەی دووەمی 2017 بڵاو بکاتەوەو وردبینی بۆ ساڵی 2018 دەکات، لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی لیژنەی وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان بە ھیچ جۆرێك ئاگای لە بڕی ھەناردەکراوو داھاتی نەوتی ھەرێم نییە.

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "بە ھیچ شێوەیەك ئاگامان لە راپۆرتی وردبینی كراونییە، پێشتر وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ھەندێك زانیاری بڵاودەكردەوە، بەڵام وردبینی نەكراو بوو جێی متمانەی ئێمە نەبوو، تائێستا ھیچ راپۆرتێكمان بە دەست نەگەیشتووە كە باس لە كەموڕییەكانی كۆمپانیای دیلۆیت بكات".

گوتیشی: "ئاشكرایە كە حكوومەتی ھەرێم بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان بە دەمەوە ھاتنی زۆر لاوازە، بەتایبەتی لە بابەتی لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە، من یەكێك بووم كە داوامكرد وەزیری سامانە سرووشتییەكان بۆ لێپرسینەوە بێتە پەرلەمان، بەڵام حكوومەتی ھەرێم نەینارد".

ئەندامێکی دیکەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەو راپۆرتەی کە كۆمپانیای دیلۆیت بڵاویکردووەتەوە کەموکورتی تێدابووە، وەکو پەرلەمانی کوردستانیش پرسیاریان لەو کۆمپانیایە و حکوومەتی ھەرێم کردووە سەبارەت بە داھاتی نەوت، بەڵام لە وەڵام وەرگرتنەوەدا دەست بەتاڵ دەرچوون.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "بابەتی دیارنەبوونی داھاتی نەوت بابەتێكی ئاشكرایە، پێویست كۆمپانیای دیلۆیت ناكات، حكوومەتی ھەرێم رۆژانە 320 ھەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، نرخی یەك بەرمیل نەوت نزیكەی 75 دۆلارە، ئەو پارەیەی كە بۆ حكوومەت دێتەوە مانگانە دێتەوە بە بەرھەمە ناوخۆییەكانیشەوە 375 ملیار دینارە، واتا بەرمیل نەوت 50 دۆلار بێت و 60 یان 70 دۆلار بێت داھاتەكەی ھەر ئەو بڕە پارە دێتەوە".

مانگی 10ی ساڵی 2016 حکوومەتی ھەرێم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت ئەنجامدا کە کۆمپانیایەکی جیھانییە و ئۆفیسی لە 122 وڵات ھەیە و کۆمپانیایەکی پسپۆری تایبەت مەندە بە وردبینیکردن لە کەرتی نەوت و گازدا.

ھ.م