يه‌كێتى: به‌ره‌ى توركمانى به‌ يارمه‌تى وڵاتێكى دراوسێ خه‌ريكى گۆڕينى ئه‌نجامى سندووقه‌كانى كه‌ركووكه‌

لەگەڵ تیمێكی سەر بە وڵاتێكی دراوسێ دەستكاری دەنگەكانی ناو سندوقەكان دەكەن

K24 – هه‌ولێر:

له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، په‌رله‌مانتارانى كه‌ركووكى سه‌ر به‌ يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان رايانگه‌ياند، "نیهاد كەركوكی جێگری نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە سەر بە بەرەی توركمانییە، كۆپی كلیلی سەرجەم ژوورو هۆڵەكانی كۆگاكەی رادەستی گروپێكی چەكداری كردووە و هاوشان لەگەڵ تیمێكی سەر بە وڵاتێكی دراوسێ دەستكاری دەنگەكانی ناو سندوقەكان دەكەن".

له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست (كوردستان24) كه‌وتووه‌، هاتووه‌: "لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكانی 12 / 5 / 2018ەوە میلیشیا چەكدارەكان گەمارۆی ئەمبارەكانی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیان داوە و سەرۆك و فەرمانبەرانی كۆمسیۆنیش لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان نەگەڕانەتەوە سەر كارەكانیان و سنوقەكانی دەنگدانیش لە ژێر دەستی ئەو میلیشیایەنەدا ماوەتەوە".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "بە پێی زانیارییە تەواوەكان نیهاد كەركوكی جێگری نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە سەر بە بەرەی توركمانییە، كۆپی كلیلی سەرجەم ژوورو هۆڵەكانی كۆگاكەی رادەستی گروپێكی چەكداری كردووەو هاوشان لەگەڵ تیمێكی سەر بە وڵاتێكی دراوسێ دەستكاری دەنگەكانی ناو سندوقەكان دەكەن بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامەكان لە بەرژوەندی پێكهاتەیەكی دیاریكراو".

له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ راشيانگه‌ياندووه‌، "لێرەوە ئێمە وەكو پەرلەمانتارانی كەركووك دەرئەنجامە خراپەكانی ئەو پیلانگێڕییە دەخەینە ئەستۆی بەرەی توركمانی و حكومەتی عێراقیش بە بەرپرسیار دەزانین لە رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی و پێشیلكردنی ئەو بنەما دیموكراتییانەی كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، هاوكاریكردنی عێراقییەكانیش لە رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی لە پرۆسەكە بە ئەركی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەزانین".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "هاوكات جەماوەری تێكۆشەری خەڵكی كەركووكیش دڵنیا دەكەینەوە كە پارێزەری دەنگەكانتان دەبین و لە پێناوەشدا سەرجەم رێگا دەستوری و یاسایی و شەرعی و نیشتمانییەكان دەگرینەبەر".