جبوورى: پێويسته كۆميسيۆن بڕياره‌كانى په‌رله‌مان جێبه‌جێ بكات
عه‌لاوى: رێگه ناده‌ين وڵاتان سه‌رۆك وهزيرانمان بۆ دابنێن
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، (سه‌لیم جبووری) له لێدوانێكى تايبه‌ت بۆ (كوردستان24) رايگه‌ياند، پێويسته كۆمسیۆنی باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران جێبه‌جێ بكات، چونكه ئه‌و بڕيارانه دهستوورين.
(جبوورى) گوتيشى: "ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌ركراون، له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه، پێويسته جێبه‌جێبكرێن و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان پابه‌ندی ئه‌و بڕیارانه بێت، بۆ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری بێنێـته كایه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتى: " داوكارییهكهش ئه‌وه‌یه، كه له(%10) ده‌نگه‌كان به ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه و دواتر ئه‌گه‌ر سه‌لمێنرا، كه جیاوازی هه‌یه، ده‌بێت له ته‌واوی بنكهكانیی سه‌رجه‌م عێراق ده‌نگه‌كان هه‌ژمار بكرێنه‌وه".
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دوای كۆبوونه‌وه‌ی به‌شێكی قه‌واره سیاسییه‌كان له به‌غدا، له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا گووتی: "ساخته‌كاری له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن كراوه و ئه‌مه‌ش ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر گه‌لی عێراق".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌ریانكردوون، ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێن".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئیئتیلافهكهمان پابه‌نده به چه‌سپاوه نیشتمانییه‌كان، كه بنه‌ما دیموكراسیییهكان دوور له هزری مه‌زهه‌بییه‌ت به‌رجه‌سته ده‌كات، ئێمه باوه‌ڕمان به هاوبه‌شێتی هه‌یه، بۆیه هه‌ندێ لێكتێگه‌یشتن هه‌یه و ده‌رگاش بۆ لایه‌نی دیكه كراوه‌يه به مه‌به‌ستی دانووستانه‌كان، ده‌ستووری عێراقی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و بڕیاردانی به ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی داوه، له‌م رووه‌شه‌وه یاساكان و بڕیاره‌كان ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌و بڕیاره‌ی دراوه".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، سه‌رۆكی ئیئتیلافی وه‌ته‌نییه، (ئه‌ياد عه‌لاوى) گوتى: "هه‌وڵی دانانی من وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق له لایه‌ن ئه‌مریكاوه، بۆ من شتێكی نوێیه".
گوتيشى: "ئێمه قبووڵ ناكه‌ین سه‌رۆك وه‌زیران له لایه‌ن وڵاتانه‌وه دابنرێت و ده‌ستوه‌ردانیش له‌م رووه‌وه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بێت عێراقییه‌كان خۆیان بڕیار بده‌ن، و ێڕای ئه‌و دۆخه‌ی كه هه‌یه و هه‌روه‌ها وێڕای ئه‌وه‌ی كه به‌شی زۆری عێراقییه‌كان بایكۆتی ده‌نگدانیان كرد، به‌ڵام بینییمان ساختهكاریيهكی زۆر له هه‌ڵبژاردن كراوه و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش نه‌یتوانی ئه‌و پرسه گرنگه ئیداره بدات و كه له ئاست خواسته‌كانی گه‌لی عێراق بێت".
سه‌باره‌ت به ئه‌مريكا و ده‌ستتێوه‌ردانى وڵاتانيش (عه‌لاوى) گوتى: "ئێمه رێزمان بۆ ئه‌مریكا و ته‌واوی وڵاتانی هه‌رێمی هه‌یه، به‌ڵام ئێمه ده‌ستوه‌ردان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و قبووڵ ناكه‌ین سه‌رۆك وه‌زیرانمان بۆ دانێن، هه‌ڵوێستی عێراقییه‌كان و بژارده‌كانیان، كاره سه‌ره‌كییه، ئێمه بۆچوونی خۆمان خستووه‌ته‌ڕوو، ده‌بێت نه‌خشه رێگه‌یه‌ك بۆ داهاتووی عێراق دابنرێت و ده‌بێت ده‌وڵه‌تی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتی بوون بێت".