كورد ده‌ست ده‌خاته‌ ده‌ستى كامه‌ لايه‌نى براوه‌ى عێراق و داواكارييه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى چين

كێبڕكێى پێكهێنانى حكومه‌تى به‌غدا پێى ناوه‌ته‌ قۆناغێكى نوێوه‌

K24 – هه‌ولێر:

له‌ هه‌رێمى كوردستان شه‌ڕى ده‌نگ و يه‌كخستنى گوتارى كورد هێشتا يه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌غداش شه‌ڕى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانى حكومه‌ت پێى ناوه‌ته‌ قۆناغێكى نوێوه‌.

گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، (سەعدی ئه‌حمه‌د پیرە) رايگه‌ياند، جارێ زووە کورد نزیکترین لایەنی خۆی، بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق بدۆزێتەوە.

دواى سه‌ردانى شاندى هه‌ريه‌ك له‌ پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردن، هێشتا ئاسۆى رێككه‌وتنى لايه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى داهاتووى عێراق ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، ئەندامی شاندى پارتى ديموكراتى كوردستان بۆ به‌غدا، (خەسرۆ گۆران) رايگه‌ياند، ھەموو لایەنە عێراقیيەکان دەیانەوێت خۆیان لە کورد نزیک بکەنەوە، بەڵام پێویستە کورد بزانێت کامە لەو لایەنەنانە، لە ئاست خواست و مافەکانی کورد دەبێت.

روونيشيكرده‌وه‌، دەستکەوت و ماف وەردەگیرێ نادرێ، بۆیە ئەوان جارێ لە دوای ئەو لایەنە دەگەڕێن، کە ماف و دەستکەوتەکانی کورد لە حکومەتی داھاتووی عێراق، فەراھەم دەکات، تەنھا بە قسەش نا، بەڵکو پێویستیان بە گرێنتیەکی تەواو ھەیە.

جگه‌ له‌ ئاستى ناوخۆ، له‌ ئاستى وڵاتانى هه‌رێمايه‌تيش، ململانێ و كێبڕكێى وڵاتانى ئێران و سعووديه‌ بۆ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كاروبارى ناوخۆى عێراق زياتر په‌ره‌ى سه‌ندووه‌ و ئه‌و وڵاتانه‌ په‌له‌يانه‌ بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسى حكومه‌تى داهاتووى عێراق.

هه‌موو ئه‌و مشتومڕانه‌ى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌ت له‌ كاتێكدايه‌، كه‌ له‌ ئاستى ناوخۆييدا هێشتا دادگاى باڵاى ئيتحادى ئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى وڵاتى په‌سند نه‌كردووه‌.

هاوكات له‌ هه‌رێمى كوردستان شه‌ش لايه‌نى سياسى و له‌ شارى كه‌ركووك، زۆرينه‌ى لايه‌نه‌ عه‌ره‌بى و توركمانييه‌كان و له‌ پارێزگاكانى ديكه‌ى عێراقيش به‌شێك له‌ لايه‌نه‌ سوننه‌كان دژى ئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنن و ئه‌وان پێيان وايه‌ ساخته‌كارييه‌كى رێكخراو ئه‌نجامدراوه‌ و كۆى ئه‌نجامه‌كان گۆڕانكاريان به‌سه‌ردا هێنراوه‌.

دوێنێ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى نائاساييدا بڕياريدا ده‌نگى ده‌ره‌وه‌ى وڵات و كه‌مپى ئاواره‌كان پووچه‌ڵ بكرێنه‌وه‌ و هاوكات به‌ رێژه‌ى له‌ سه‌دا 10ى ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر له‌و رێژه‌يه‌ ده‌ركه‌وت تا ئه‌ندازه‌ى له‌ سه‌دا 25 ئه‌نجامه‌كان جياوازن، ئه‌وا؛ پێويسته‌ له‌ كۆى پارێزگاكانى عێراق ئه‌نجامى سندووقه‌كانى ده‌نگدان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌.

ورده‌كارى زياتر له‌ باره‌ى بڕياره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران 

له‌ ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانيش هه‌ريه‌ك له‌ (بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، كۆمه‌ڵى ئيسلامى، هاوپه‌يمانى ديموكراسى، يه‌كگرتووى ئيسلامى، بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى و حزبى شيوعى) ئه‌نجامه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: "ترسمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانیشه"‌، دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ "له‌ رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان، ده‌توانن رێگری له‌ ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن".   

زانيارى زياتر له‌ باره‌ى بۆچوونى شه‌ش لايه‌نه‌كه‌

لايه‌نه‌ توركمانى و عه‌ره‌بييه‌كانى شارى كه‌ركووك ئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان به‌ ساخته‌كردنى ئه‌نجامى پرۆسه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

هه‌ر له‌و ميانه‌يه‌دا، هه‌وڵه‌كانى يه‌كخستنى گوتارى كورد له‌ هه‌مبه‌ر به‌غدا ده‌ستيان پێكردووه‌ و یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لوتكه‌يى ئه‌نجامبده‌ن هه‌موو ناكۆكییه‌كانی ناوخۆ بخه‌نه‌لاوه‌ و به‌ يه‌كڕيزى رووبكه‌نه‌ به‌غدا.

(نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا)، سه‌رۆكی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتى: خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی داوه‌ تا كورد بچێته‌وه‌‌ به‌غدا نه‌ك حزبه‌كان.