گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دەبێتە مەرجی شاندی ھەرێم

"پێش پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق یەكلایی دەكرێتەوە"

K24 - ھەولێر

گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم مه‌رجی دانووستانه‌كانی نێوان‌ هه‌ولێر و به‌غدایه‌.

جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24 راگه‌یاند: "بۆ به‌شداریكردنی كورد و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، یه‌كێك له‌ مه‌رجانه‌كانی شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا، گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، وه‌كو پێش رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو".

گوتیشی: "دەبێ پێش ھەموو شتێك رەوشی ناوچە كوردستانییەكان ئارام بكرێتەوە و وەك پێش 16 ئۆكتۆبەر بۆ ئەو ناوچانە لەلایەن پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراق بەھاوبەشی بپارێزرێن".

لەبارەی پەیوەندی و ھاوكاری ھێزەكانی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە جەبار یاوەر گوتی: "نوێنەری ھاوپەیمانان لە كوردستان ھیچ گۆڕانكارییەكیان بەسەر نەھاتووە و دوو ھەفتە جارێك كۆبوونەوەی ھاوبەش لەنێوانمان ھەیە، ھەروەھا پڕۆگرامی مەشقی پێشمەرگەیان بۆ ئەمساڵ داناوە و سەرقاڵی ئەوەن بەرنامەی ساڵی 2019 بۆ مەشق و راھێنانی پێشمەرگە دابنێن و ھاوكارییەكانیشیان بۆ پێشمەرگە بەردەوامە".

ھ.م