"یەپەگە لە منبج دەكشێتەوە"
توركیا: نابێت لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی منبج زیاتر لە 2% كورد بێت
K24 - ھەولێر
مەولوود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، توركیا چاودێری منبج دەكات و ئاسایشی كشانەوەی یەپەگەش لەو شارۆچكەیە دابین دەكات.
وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەبارەی منبج گوتیشی: "نابێت لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی منبج زیاتر لە 2% كورد بێت".
چاوشئۆغڵۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەمریكا دەیەوێت پەیوەندی نێوان پەكەكە و یەپەگە بپچڕێنێت، ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە ھەیە لەناو یەپەگە دەریانبھێنێت و لێكیان جیا بكاتەوە".
ھەروەھا راشیگەیاند: "بەمزووانە باڵیۆزی توركیا دەگەڕێتەوە ئەمریكا".
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر لە روونكردنەوەیەكدا ھێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: "رێكەوتنێكمان لەگەڵ توركیا نییە، پێشووتر رامانگەیاندووە كە كۆبوونەوە ھەبووە لەسەر نەخشە رێگەیەك لەنێوان ھەردوولا، بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەر بەردەوام دەبین".
ھ.م