"كیم چه‌كی ئه‌تۆم به هه‌مبه‌رگر ناگۆڕێته‌وه"
تره‌مپ داوای ئه‌تۆم ده‌كات و كیمیش هه‌مبه‌رگری ده‌وێت
K24 - هه‌ولێر:
ته‌له‌ڤزیۆنی NBC Newsی ئه‌مه‌ریكی ناوه‌ڕۆكی راپۆرتێكی ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا CIAى بڵاوكردووه‌ته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆریای باكوور ده‌ستبه‌رداری چه‌كی ناووكی نابێت، به‌ڵام ره‌نگه هه‌ندێك لقی چێشتخانه‌ی خواردنی خێرا بكاته‌وه.
ئه‌و كه‌ناڵه ئه‌مه‌ریكییه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، راپۆرته‌كه لیستێكی ئه‌و شتانه‌ی له خۆ گرتووه، كه بڕیاره پیۆنگ یانگ له سه‌ر داواكاری ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌ردارییان بێت، به گوێره‌ی لیسته‌كه ره‌نگه كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكی كۆریای باكوور، رێگه به‌كردنه‌وه‌ی چه‌ند لقێكی ریستورانتی خواردنی خێرا و سه‌نده‌ویج و هه‌مبه‌رگر بدات.
به گوێره‌ی كه‌ناڵه‌كه، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له ساڵی 2016 رایگه‌یاند، ده‌یه‌وێت گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور بكات و چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی به هه‌مبه‌رگر له‌گه‌ڵ بگۆڕێته‌وه.
رۆژی 29ی ئایار/ مایۆ، ئاژانسه هه‌واڵییه‌كان بڵاوییان كرده‌وه، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوه‌ندی پارتی كاری كۆریا، كیم یۆنگ چۆڵ، به‌ره‌و نیویۆرك به‌ڕێكه‌وتووه و گفتوگۆ له باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی لووتكه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كۆریای باكوور ده‌كات.
بڕیاره ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی كۆریا له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆببێته‌وه و گفتوگۆ له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی نێوان تره‌مپ و كیم بكه‌ن، كه به كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه داده‌نرێت.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، رۆژی 12ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی داهاتوو، كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی نێوان تره‌مپ و كیم له وڵاتی سه‌نگاپووره به‌ڕێوه‌بچێت و گفتوگۆكانیش له‌سه‌ر پرسی داماڵینی چه‌كی ناووكی ده‌بێت له نیمچه دوورگه‌ی كۆریا.
ا. م