دەنگەکانی یەکێتی لە کەرکووك مەترسییان لەسەرە
"پەرلەمانی عێراق دەستدەخاتە ناوكاروباری كۆمسیۆن"
K24 - بەغدا
پەرلەمانتارانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھۆشداری دەدەن لە دەستكاریكردنی دەنگەكانی كەركووك، لەلایەن بەرەی توركمانی بەھاوكاری وڵاتێكی دراوسێ، راشیدەگەیەنن، پەرلەمانی عێراق دەستدەخاتە ناوكاروباری كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان و داواش لە فوئاد مەعسووم دەكەن بێتە دەنگ.
رێبوار تەها، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تانە لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدەین".
گوتیشی: "پەرلەمان دەستدەخاتە ناو کاروباری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ئەمەش کارێکی نادەستوورییە. داوا لە فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق دەکەین، لەسەر ئەو پرسە بێتەدەنگ. چونكە پەرلەمان كە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ھەڵوەشاندووەتەوە پشتی بە یاسایەك بەستووە كە بنەمای نییە".
رێبوار تەها، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوانەی شكستیان ھێناوە لە ھەڵبژاردن ناكرێت بەوجۆرە خۆیان بگێڕنەوە ناو كایەی سیاسی".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە رێز لە بڕیاری كۆمسیۆن دەگرین كە ھەر ساختەكارییەك روویدابێت، بەڵام بە ھیچ جۆرێك دەستبەرداری دەنگەكانمان نابین لە كەركووك".
ھەر سەبارەت بەو پرسە غەفور ساڵح، كارگێڕی مەڵبەندی 2ی كەركووكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەژماركردنەوەی دەنگ بە بڕیاری كۆمسیۆنە نەك پەرلەمانی عێراق".
گوتیشی: "گومانمان ھەیە كە چەند رۆژێكە كۆمەڵێك چەكداری نافەرمی لە كەركووك دەوری سندووقەكانی دەنگی خەڵكی كەركووكیان گرتووە، كە تەواو نایاساییە".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی لە كەركووك ئاماژەی بەوەدا: "ئەو كەسانەی دەیانەوێت دەستكاری ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن بكرێت لە كەركووك لە یەك نەتەوەن".
ھ.م