"دەبێ ھەموو دەنگەكانی عێراق بە دەست ھەژمار بكرێنەوە"
خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكە كراوە
K24 - بەغدا
پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەی بۆ پێداچوونەوە لە دوو رۆژی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق ئامادەكراوە، دەبێ دەنگی ھەموو پارێزگاكانی عێراق بە دەست ھەژماربكرێنەوە.
عادل نووری، ئەندامی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 راگەیاند: "لە پەرلەمان پڕۆژەیاسایەك بۆ پێداچوونەوە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئامادەکراوە. پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "بەپێی پرۆژەیاساکە دەبێت دەنگدانی تەواوی پارێزگاکانی عێراق بەدەست هەژمار بکرێنەوە و دەنگەكانی دەرەوەی وڵاتیش ھەمووی رەتدەكرێنەوە".
لەبارەی بەیاننامەكی یەكێتی بۆ رەتكردنەوەی بڕیاری پەرلەمان سەبارەت بە ھەژماركردنەوەی دەنگەكان عادل نووری گوتی: "ئەوانەی لە دەرەوە قسە دەكەن و نایەنە ناو پەرلەمان ترسیان لە دەنگەكانی خۆیان ھەیە، ھیوادارین دۆستەكانی ئێمە خۆیان نەخەنە ئەو گومانەوە".
ھ.م