روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌

"بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین"

K24 - هه‌ولێر:

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن بڵاوده‌كاته‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گومانییان له‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن هه‌بووه‌.

مه‌حموود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "رەواندنەوەی گومانەکان، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین".

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

"دوابەدوای راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و گومان لەو دەرئەنجامانە بڵاوبۆوە، ئێمەش وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیماندا رامانگەیاند کە لە دەرئەنجامەکان گومانمان هەیە و غەدرێكی زۆریش لە پارتی كراوە، بۆیە بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و نارەزاییەتییەكانی لایەنەكان بە باشی دەزانین كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات.

ئێستاش بابەتی دەرئەنجامەكان بووەتە ئاڵۆزییەکی زۆری راگەیاندنەكان و هەر كەس و لایەنێك بە شێوازێك شرۆڤەی دەكات و بەئاقارێكدا قسەی لەسەر دەكا، بۆیە و لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوە بوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەکان، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین.

شایەنی باسە بریاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك ئیلغا دەكاتەوە، رەت دەكەینەوە و بە بریارێكی سیاسی دەزانین...

هەروەها لە پێناوی چارەسەری كێشە و رەواندنەوەی گومانەكان و زیاتر ئاڵۆز نەكردنی بارودۆخەكە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین كە بە رێگای دەستووری و یاسایی هەنگاوی بۆ بهاوێژێ.

محمود محمد

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

۳٠ـی٥ـی۲٠۱۸"