شاندێكى كۆرياى باكوور رووده‌كاته‌ ئه‌مريكا و لاڤرۆڤيش ميوانى پيۆنگ يانگه‌

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكى باڵای کۆریای باکوور لە شاری نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆببنەوە

K24 – هه‌ولێر:

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكى باڵای کۆریای باکوور لە شاری نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆببنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، گەيشتووه‌تە پیۆنگ یانگ.

شانده‌كەی کۆریاى باكوور لە بارەی پرسی چەکی ئەتۆمی و کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکانی ئەمریکا و کۆریاى باكوور لەگەڵ ئەمریکییەکان دەدوێن. لاڤرۆڤیش بە بانگهێشتی ری یۆنگ هۆ، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور، گه‌يشتووه‌ته‌ پيۆنگ يانگ.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، کیم یۆنگ چول، سەرۆکی شاندى کۆریاى باكوور و  مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ ماوەی (90) خولەک کۆبوونەتەوە و هەردوولا "ئێوارەخوانێکیان بە گۆشتی گای ئەمریکی به‌سه‌ر بردووه‌".

بەهۆی کتووپڕی سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ کۆریای باکوور، هێشتا سەودای مۆسکۆ لە كۆرياى باکوور روون نیە، بەڵام لایەنەکان دەزانن رەنگە گفتوگۆکانی ئەمجارە دواین هەل بێت بۆ  سڕینەوەی شوێنه‌واره‌كانى جەنگی ساردی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتى جاران، کە زیاد لە نیو سەدەیە بەرۆکی کۆریای باکوور و باشووری گرتووە.