مه‌رجه‌عییه‌ت رێسهكهی مالیكی و ئێران ده‌كاته‌وه به خوری
"مه‌رجه‌عییه‌ت رێگه نادات مالیكی بگه‌ڕێته‌وه ده‌سه‌ڵات"
K24 - هه‌ولێر:
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسی عێراقی ده‌ڵێن: "ئێران ناتوانێت مێزی هاوپه‌یمانێتییه‌كان هه‌ڵگێڕێته‌وه‌و له به‌رژه‌وه‌ندی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی و هاوپه‌یمانێتی حه‌شده‌كان "فه‌تح" به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری بیگۆڕێت".
سه‌رچاوه عێراقییه‌كان به رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی‌یان گوتووه: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای ئایینی شیعه‌كان به‌رامبه‌ر نووری مالیكی تونده و نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه ده‌سه‌ڵات، ئێران تووشی شكست بووه، چونكه مه‌رجه‌عییه‌تی نه‌جه‌ف رێگه نادات سه‌رله‌نوێ بگه‌ڕێته‌وه‌و بكرێته‌وه به سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق".
سه‌رچاوه‌كان گوتوویانه، جگه له مه‌رجه‌عییه‌ت، رای گشتی عێراقیش گرنگه، چونكه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه ناده‌ن مێزی هاوپه‌یمانێتی نێوان هێزه سیاسییه‌كان به‌و شێوه‌یه هه‌ڵبگێڕدرێته‌وه.
رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودیی له ژماره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه 30/5/2018 دا نوسیبووی، جارێكی دیكه قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو دیمه‌نی سیاسی عێراق و بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، باڵیۆزخانه‌ی ئێران له به‌غدا بووه‌ته ژووری ئۆپراسیۆن و ئامانجیش ئه‌وه‌یه به‌ڕه‌كه له‌ژێر پێی سه‌در و عه‌بادی ده‌ربهێنرێت و كوتله‌ی زۆرینه له‌لایه‌ن مالیكی و عامری پێكبهێنرێت.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی سعوودییه‌كه، ئێران ره‌تیده‌كاته‌وه له هاوكێشه‌ی سیاسی عێراق بچێته ده‌ره‌وه، هه‌ر چه‌نده ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژی 12/5/2018 گورزێكی قورسی له ئێران و شوێنكه‌وتووانی وه‌شاند. ئێستاش ئێران به هه‌موو كارهتهكانی به‌رده‌ستییه‌وه كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ده‌رهاویشته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌لایه‌كی دیكه‌دا قوڵپ بكاته‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌رپرسی دۆسێی عێراق له سوپای پاسداران (قاسم سوله‌یمانی) بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركه قورسه راسپێردراوهو له یه‌كه‌م هه‌وڵیشیدا نه‌یتوانیوه له پلانه‌كانی سه‌ركه‌وتوو بێت و شكستیهێناوه".
عوكاز نوسیبووی "سوله‌یمانی ده‌یه‌وێت كارته‌كان تێكه‌ڵ بكات و مێزه‌كه به‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا هه‌ڵگێڕێته‌وه. له رێگه‌ی پاڵپشتیكردنی نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، كوتله گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان درووست بكات و زه‌مینه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بۆ نووری مالیكی بڕه‌خسێنێت".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌كراوه، قاسم سوله‌یمانی به هه‌موو كارت و تواناكانی به‌رده‌ستییه‌وه ده‌ستی به جووڵه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی سوننه قایل بكات نه‌چنه ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی نه‌سری عه‌بادی و سائیروونی سه‌دره‌وه".
رۆژنامه سعودییه‌كه ده‌ڵێت، باڵیۆزخانه‌ی ئێران له به‌غدا بووه به ژوورێك بۆ سه‌رخستنی هه‌وڵه‌كانی مالیكی و له‌گه‌ڵ هێزه سوننییه‌كانیش ده‌ست به په‌یوه‌ندی و گفتوگۆ كراوه‌و له‌گه‌ڵ حزبی حه‌لی سوننی كه خاوه‌نی 14 كورسیییه گفتوگۆی چڕ كراوه. جگه له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه كاریگه‌ره‌كانی ناو هێزه سوننی و شیعییه‌كان گفتوگۆ هه‌یه".
عوكاز ده‌ڵێت، نووری مالیكی و باڵیۆزخانه‌ی ئێران به‌ڵێنی زۆری به هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان داوه بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی مالیكی و عه‌بادییه‌وه".
هاوپه‌یمانی فه‌تح به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری خاوه‌نی 47 كورسی و هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی خاوه‌نی 26 كورسییه و پێویستیان به هێزه كاریگه‌ره‌كانی دیكه هه‌یه تا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران گه‌وره‌ترین كوتله بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ درووست بكه‌ن و ژماره‌ی كورسییه‌كانیان بگاته 165 له كۆی 329 كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق.