ئه‌نقه‌ره: ئه‌سه‌د ناتوانێت سووریا به‌ڕێوه ببات
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا: تائێستا توركیا هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به ئه‌سه‌د نه‌گۆڕیوه و ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان نابێت ئه‌سه‌د هیچ بوونێكی له پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سووریادا هه‌بێت
K24- هه‌ولێر:
مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی له‌و باوه‌ڕه‌دایه، به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا توانای ئه‌وه‌ی نییه وڵاته‌كه‌ی به‌ڕێوه ببات، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرد، رژێمی ئه‌سه‌د تائێستا زیاتر له یه‌ك ملۆن هاووڵاتی خۆی كوشتووه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی، ئه‌م لێدوانه‌ی چاویش ئۆغلۆ له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی "دویتچه ڤێللی"ـی ئه‌ڵمانیدا له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی چوونی به‌شار ئه‌سه‌د هاتووه و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، توركیا رۆڵێكی گرنگ له سه‌رجه‌م جومگه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سووریادا ده‌بینێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتی: "دوای گۆڕانكارییه‌كانی پارێزگای حه‌له‌ب، ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ مۆسكۆ ده‌ستی به هه‌ماهه‌نگی كردووه و دواتر تارانیش هاتووته ناو دانوستانه‌كانه‌وه"، له‌مباره‌شه‌وه ئێرانی به یاریزانێكی كارامه وه‌سفكرد، ئه‌مه‌ش وێڕای بوونی ناكۆكی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه پرسێك له‌نێوان ئه‌نقه‌ره و تاران، له‌وانه‌ش چاره‌نووسی ئه‌سه‌د.
چاویش ئۆغلۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تائێستا توركیا هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به ئه‌سه‌د نه‌گۆڕیوه و ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان، كه نابێت ئه‌سه‌د هیچ رۆڵێكی له ئاینده‌ی سووریادا هه‌بێت. هه‌روه‌ك چاویش ئۆغلۆ به‌گرنگییه‌وه باسی له دانوستانه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سووریا له ئه‌ستانه و سوچی كرد و به ته‌واوكه‌ری دانوستانه‌كانی جنێڤ ناویبردن.
H.B