پەرلەمانی عێراق دەنگدانی تایبەت لە كوردستان رەتدەكاتەوە
پێشمەرگە پڕۆژە یاساكەی پەرلەمانی عێراق بە بابەتێكی سیاسی دەزانن
K24 - ھەولێر
بەپێی پرۆژەیاسایەکی پەرلەمانی عێراق، كە لە كۆبوونەوەی ھەفتەی رابردوو خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوە، دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان رەتدەکرێتەوەو پێشمەرگەش دژی ئەم پڕۆژە یاسایەن، پێشیان وایە ئەمە لێدانە لە پێشمەرگە، داواش دەکەن وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە سیاسیەکان هەڵوێستیان هەبێت.
لەبارەی پڕۆژەیاساكەی پەرلەمانی عێراق پێشمەرگەیەك بەناوی محەمەد جیهاد، بە كوردستان 24 گوت: "داوا لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەین ئەگەر ھیچ پێشێلكارییەك لە ھەڵبژاردنی تایبەت ھەیە لە ھەرێمی كوردستان با بیخاتەڕوو، لێكۆڵینەوەی لەسەربكرێت، ئەگەرنا ناكرێت قبووڵ بكرێت پەرلەمانی عێراق دەنگدانی تایبەتی كوردستان رەتبكاتەوە".
بەپێی رێنمایهکی کۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق لە رۆژی دەنگدانی تایبەت کارتی بایۆمەتری لە پێشمەرگە وەردەگیرایەوە تا ئێستاش بۆیان نەگەڕێندراوەتەوە، گوایه بهمجۆره رێگری لە پێشێلكاری و دووبارە دەنگدانەوە كراوە، پێشمەرگە دەشڵێن لە دەنگدانی تایبەت ، وەك پاکترین پرۆسە بەرێووە چووە.
کامەران ساڵح، یەكێكی دیكەیە لەو پێشمەرگانەی بە نیگەرانییەوە باس لەو پڕۆژە یاساییە دەكات كە پەرلەمانی عێراق بۆ رەتكردنەوەی دەنگدانی تایبەتی كوردستان ئامادەی كردووە، ئەو دەڵێت: "لە رۆژی دەنگدان كارتی بایۆمەتریمان لێوەرگیراوە و تائێستاش بۆمان نەگەڕێندراوەتەوە، ئەوەی پەرلەمانی عێراق باسی دەكات كە لە دەنگدانی تایبەت پێشلێكاری ھەبووە، تەنھا بابەتێكی سیاسییە و ماڵی كوردیش زیاتر پەرتەوازە دەكات".
ھەروەھا پێشمەرگەیەكی دیكە بەناوی ئەیوب ئەحمەد، دەڵێ: "داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەم ئەو پڕۆژە یاساییەی پەرلەمانی عێراق رەتبكاتەوە، چونكە ئەوە لێدانە لە ھێزی پێشمەرگە، ھیچ پێشێلكارییەك لە دەنگدانی تایبەت نەكراوە".
دوای چەند هەوڵێکی پەرلەمانی عێراق بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە دەست، دواجار پرۆژە یاساییەکیان ئامادە کردووە، بڕیارە لەم هەفتەیە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت، بەپێی یاسا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە دەستەڵاتی دادگای فیدراڵییە و چەند لایەنێكیش پڕۆژە یاساكەی پەرلەمانی عێراقیان رەتكردووەتەوە و نیگەرانی خۆیان راگەیاندووە، هەر جۆرە بڕیارێکیش ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی عێراقی لێدهكرێت.
ھ.م